کوشتارگەی هەولێر: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و قۆرخکاری هۆکارن بۆ گرانبوونی گۆشتی سوور
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی بەهای دۆلار، نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا بۆ هەر کیلۆیەک دوو هەزار دینار زیادی کردووە.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، گرانبوونەکە هەردوو جۆری ئاژەڵی گەورە و بچووکی گرتووەتەوە، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆ گۆشتی رەشەوڵاخ لە 21 هەزار دینارەوە بۆ 23 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هاوکات نرخی یەک کیلۆ گۆشتی ئاژەڵی بچووک (مەڕ، بەرخ و بزن) لە 22 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 24 هەزار دینار.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە، هەڵمەت هەمزە رایگەیاند، بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور، بازاڕ بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاژەڵی هاوردەکراو دەبەستێت و کڕینی ئەو ئاژەڵانەش لە دەرەوە بە دراوی دۆلار دەکرێت، بۆیە هەر جووڵە و بەرزبوونەوەیەکی خێرای دۆلار راستەوخۆ و دەستبەجێ کاریگەری لەسەر نرخی ئاژەڵ دروست دەکات.
هەروەها باسی لەوەش کرد، لەم جۆرە دۆخانەدا دیاردەی قۆرخکاری و شاردنەوەی ئاژەڵ لە سەرتاسەری عێراقدا سەرهەڵدەدات، چونکە بازرگانان بەهۆی پێشبینییەکانیان بۆ گرانیی نرخی هاوردەکردنی نوێ، دەست بە ئاژەڵەکانیانەوە دەگرن، ئەمەش وەک هۆکارێکی دیکە لە پاڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وایکردووە نرخی گۆشت ئێستا روو لە بەرزبوونەوە بکات.