تەقینەوەیەک لە بەغدا روویدا

دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: کۆگایەکی تەقەمەنیی کۆن و ماوەبەسەرچوو، لە نێو بارەگایەکی سەر بە هێزەکانیان، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی بەغدا تەقییەوە.

شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی کۆن و ماوەبەسەرچوو، لە نێو یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی بەغدا تەقییەوە.

دەستەکە دڵنیایی دا، کە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە و بارودۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.

لای خۆیەوە، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: نزیکەی 20 خولەک لەمەوبەر تەقینەوەیەکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی بەغدا روویدا و تا ئێستاش ئاگری شوێنەکە کۆنترۆڵ نەکراوە؛ شوێنی ڕووداوەکە بە دیاریکراوی دەکەوێتە نزیک پردی موسەننا، کە کۆگایەکی گەورەی تەقەمەنی بووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنە وەک "بارەگای لێکۆڵینەوەی حەشدی شەعبی" ناسراوە و تەقینەوەکەش هێندە گەورە بووە کە دەنگەکەی بەغدای هەژاندووە؛ ئێستا چواردەوری کۆگاکە بە هێزێکی زۆری ئەمنی تەنراوە و بە دەیان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە شانبەشانی ئۆتۆمبێلەکانی ئەمبووڵانس بەرەو شوێنی رووداوەکە دەڕۆن، هاوکات تا ئێستاش گڕی ئاگر و دووکەڵێکی چڕ بە ئاسمانی ناوچەکەدا بە روونی دەبینرێن.

هاوکات ئاشکرای کرد، بەهۆی تەقینەوەکەی کۆگای نێو بارەگایەکیی حەشدی شەعبی، کەسێک گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون.