دێیڤد تافوری: کۆمپانیای نوێی ئەمریکیمان هێناوەتە زاخۆ بۆ وەبەرهێنان
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان ستایشی پێشکەوتن و گەشەسەندنی خێرای شاری زاخۆ دەکات و رایدەگەیەنێت، کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە بەهای ملیارەها دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە و کار دەکەن بۆ هێنانی کۆمپانیای نوێتر بۆ ناوچەکە.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، دێیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان (USKBC)، لە میانی سەردانی شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و دەڤەری زاخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئەنجوومەنەکەیان ساڵانە شاندی گەورەی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دەهێنێتە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانیکردن لەو کۆمپانیایانەی کاری وەبەرهێنان دەکەن، یان دەیانەوێت پڕۆژەی نوێ دەستپێبکەن.
تافوری باسی لە کارنامەی سەردانەکەیان کرد و گوتی: سەرەتا لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی کۆبووینەوە، پاشان زۆر دڵخۆش بووین کە سەردانی زاخۆمان کرد. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا کە بەردەوام دێینە ئێرە، دەبینین شارەکە بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بەرەوپێش دەچێت، بەتایبەتی پڕۆژەکانی رووکاری رووبارەکە و گەشەپێدانی ژێرخانەکەی.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان ئاماژەی بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد و گوتی: دیدارمان لەگەڵ گوهدار شێخۆ زۆر بەرهەمدار بوو، ئەو سەرکردەیەکی خاوەن دیدگا و پلانێکی روونە بۆ ئایندەی زاخۆ، لەگەڵ تیمەکەیدا کاری زۆر گەورەیان بۆ خزمەتی شارەکە ئەنجامداوە. زاخۆ ئێستا وەک ناوەندێکی زۆر گرنگی بازرگانی و پیشەسازی سەیر دەکرێت کە هەلی کاری زۆری رەخساندووە و بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران.
لەبارەی قەبارەی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێم، تافوری گوتی: ئێستا چەندین کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای ملیارەها دۆلار وەبەرهێنانیان لە کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا کردووە. ئێمە کار دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی بەردەوامی ئەو پڕۆژانە، هاوکات کۆمپانیای نوێی ئەمریکیمان لەگەڵ خۆمان هێناوەتە ئێرە کە بەشێکیان پێشتر هەرگیز نەهاتوونەتە عێراق و زاخۆ، تاوەکو لە نزیکەوە کەشی لەبار و ئارامی وەبەرهێنان و قازانجکردن لەم هەرێمەدا ببینن.
دێیڤد تافوری نهێنیی تایبەتمەندیی زاخۆی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بە پردی دەلال کرد و گوتی: ئەم پردە مێژووییە و ئاوەدانکردنەوە نوێیەکان وایان کردووە زاخۆ ناوچەیەکی بێوێنە بێت؛ حکوومەت زۆر بە سەرکەوتووانە توانیویەتی ئاوەدانکردنەوەی مۆدێرن لەگەڵ شوێنەوارە دێرینەکاندا ئاوێتە بکات، ئەمەش گەورەترین فاکتەرە بۆ راکێشانی گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.