زەیدی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی بەغدا دەردەکات
شایەتحاڵان بۆ کوردستان24: بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە بەغدا بە فڕۆکە بۆردومان کراوە
دەستەی حەشدی شەعبی، کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی راگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە نێو یەکێک لە بارەگاکانی لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا کەوتەوە و، ئاشکرای کرد کە ئاماری کۆتایی بریتییە لە برینداربوونی پێنج کارمەند بە سووکی؛ هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە پەلەی دەرکرد بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
شەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، تەواوی ئەو ئاگرەی کۆنترۆڵ کردووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگایەکی تەقەمەنیی کۆن و ماوەبەسەرچوو لە نێو بارەگایەکی هێزەکانیان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت کەوتبووەوە.
بە پێی راگەیەنەراوەکە، لیژنە پسپۆڕ و پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ رێکارە پێویستەکانیان گرتووەتەبەر بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاری و هۆکارەکانی رووداوەکە، جەختیش کراوەتەوە کە پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکان بۆ رای گشتی دەخرێنە روو.
لە لایەکی دیکەوە، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ورد لە بارەی چۆنیەتیی روودانی تەقینەوەکە لە نێو بارەگای حەشدی شەعبیدا.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی کارەکانی لێکۆڵینەوە کردووەتەوە تاوەکو هۆکارەکان ئاشکرا بکرێن، هاوکات داوای گرتنەبەری تەواوی رێوشوێنەکانی سەلامەتی کردووە بە مەبەستی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە لە ئاییندەدا.
سەرەڕای راگەیەنراوەکەی حەشدی شەعبی، ژمارەیەک لە شایەتحاڵانی ناوچەکە بە پەیامنێری کوردستان24ـیان لە بەغدا راگەیاندووە، کە کۆگای چەکی نێو بارەگاکەی حەشدی شەعبی بە فڕۆکە بۆردومان کراوە. ئەمەش گومانی دروست کردووە لەسەر ئەوەی رووداوەکە کردەوەیەکی سەربازیی ئاسمانی بووبێت.
هاوکات دەشڵێت: لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنجی دیکەش بریندار بوونە.