تەقینەوەیەک لە "سیریک"ی ئێران روویدا و کەشتییەکی نەوتهەڵگر سووتا
میدیاکانی ئێران، روودانی تەقینەوەیەکیان لە ناوچەی سیریک راگەیاند، هاوکات لە رووداوێکی دیکەدا هێزە دەریایییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کرد، چاودێریی کەشتییەکی نەوتهەڵگریان کردووە لە دەریای عومان تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە و لە جووڵە کەوتووە.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی، دەنگی تەقینەوەکە لە ناوچەی "کوهستاک" و بەشێک لە "سیریک" بیستراوە.
هاوکات، پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریاییی سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند،، تیمەکانی چاودێریی سەربە هێزی دەریایی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چاودێریی کەشتییەکی نەوتهەڵگریان کردووە ئاگری گرتووە و لە دەریای عومان لە رۆیشتن راوەستاوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، هەر سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی پەڕینەوەی لە گەرووی هورمز، بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی رووبەڕووی رووداو بووەتەوە.
لەو بارەیەوە، راپۆرتەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایانکردووە ، ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە باری زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی پێبووە و هەوڵی داوە بە شێوەیەکی نایاسایی و لە رێگەی رێڕەوێکی رێپێنەدراو لەلایەن تارانەوە بەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا تێپەڕێت.