سوپای یەمەن کوژرانی 800 چەکداری حووسی لە ئۆپەراسیۆنێکدا راگەیاند
هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجر یەمەن" و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 1,417 ئۆپەراسیۆنی وردیان دژی چەکدارانی گرووپی حووسیی کردووە. ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپهاوێژی مەیدانی و راجیمەکان جێبەجێکراون.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەجید نەزیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، ئۆپەراسیۆنەکان کۆبوونەوەکان، هێزە پشتیوانییەکان، پێگە بەهێزکراوەکان، سەرچاوەکانی ئاگرکردنەوە، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان، کەرەستە جەنگییەکان و ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لێوە هەڵدەفرێنن. نەزیلی روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی تێکدانی جووڵەکانی ئەو گرووپە و رێگرییان لێکراوە هێزی یەدەگ بگەیەننە بەرەکانی جەنگ یان هیچ ئامانجێکی تاکتیکی لە مەیدانەکەدا بەدەست بهێنن.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بوونەتە هۆی لەناوبردنی نزیکەی 800 چەکدار بە کوژراو و بریندار. هەروەها زیاتر لە 190 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستەی گواستنەوە و دابینکردنی پێداویستی تێکشکێنراون یان لەکارخراون، لەگەڵ تێکشکاندنی چەندین پێگە و شوێنی ئاگرکردنەوە.
نەزیلی رایگەیاند، یەکینەکانی هێزە چەکدارەکان لە بەرەی رۆژهەڵات بەردەوامبوون لە کێوماڵکردنی پێگەکان و فراوانکردنی مەودای کۆنترۆڵکردن، بەجۆرێک چەند پێگەیەکی تاکتیکی نوێیان لە مەیدانەکەدا بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە.
سەبارەت بە دۆخی تەعز، لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە شەپۆلەکانی هێرشی بەردەوام شکستیان پێهێنراوە، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان بە لێدانی چڕ پێگە و هێزە پشتیوانییەکانی گرووپی حووسییان کردووەتە ئامانج و زیانی زۆریان بە گیان و کەرەستەکانیان گەیاندووە.
گوتەبێژەکەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دووپاتیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان تەنیا ئامانجە سەربازییە رێگەپێدراوەکان دەگرێتەوە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و بنەما عورفییەکان رێکخراون. نەزیلی جارێکی دیکە داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کرد کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانن، منداڵەکانیان لە هەڵمەتەکانی راکێشان بۆ ناو سوپا و ناردنیان بۆ جەنگە دۆڕاوەکان بپارێزن، کە بە گوتەی ئەو، داکۆکیکردنە لە پڕۆژەیەک کە نوێنەرایەتی یەمەنییەکان ناکات و خزمەتی ئابووریی وڵاتەکە ناکات.