ماکرۆن: لە فەرەنسا هیچ جێگەیەک بۆ توندوتیژی نییە
سەرۆکی فەرەنسا جەختیکردەوە، ئەو کەسانەی لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا دەستیان داوەتە کاری تێکدەرانە و تاڵانکاری، رووبەڕووی دادگا و سزای یاسایی دەکرێنەوە، هاوکات دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی بە یەکگرتوویی بەرەنگاری ئەو ئاژاوەگێڕانە دەبێتەوە هەوڵی لاوازکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان دەدەن.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" رایگەیاند: لە وڵاتەکەدا هیچ جێگەیەک بۆ توندوتیژی نییە، ئەوانەی کردەوەی تێکدەرانەیان کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا ئیدارییەکان و فرۆشگاکان و تەنانەت باڵەخانەی شارەوانییەکانیشیان تاڵان کردووە، راپێچی یاسا دەکرێن و سزای توندی خۆیان وەردەگرن.
سەرۆکی فەرەنسا لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتی: هەموومان وەک یەک دەست لە دژی بڵاوکەرەوەکانی پشێوی و ئاژاوە دەوەستینەوە، چونکە ئەوان ئامانجیان تەنیا لێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەتە و رێگری لەو هاووڵاتییانەش دەکەن دەیانەوێت بە شێوازێکی هێمنانە و ئاشتییانە داواکارییەکانیان بگەیەنن.
چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە فەرەنسا بەردەوامە. قوتابیان داوای چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی پۆلەکان، کەمیی ژمارەی مامۆستایان و ئەو ئاڵنگارییە پێکهاتەییانە دەکەن رووبەڕووی کەرتی پەروەردە بوونەتەوە.