غەزبان: رەگەزنامە دەبەخشینەوە بە کوردانی بێبەشکراو و دان بە خوێندنی کوردی دەنیین
راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاشکرای دەکات، رێککەوتنی سەرەتایی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر کراوە و کارەکانی لە قۆناخی کۆتاییدایە؛ هاوکات باس لە گەڕانەوەی ملیۆنێک و 600 هەزار پەنابەر دەکات و جەخت لە پێشینەی دیمەشق بۆ دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کورد و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی خۆجێیی دەکاتەوە.
شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەجیب غەزبان، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، سەرنجی خستە سەر دۆخی نوێی سووریا لە قۆناخی دوای ململانێ، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر، چارەنووسی رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دۆسیەی پەنابەران.
غەزبان ئاشکرای کرد کە کردنەوەی کونسوڵخانەی سووریا لە هەولێر یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانیان و گوتی: لە رووی بنەماوە رێککەوتن لەسەر کردنەوەی کونسوڵخانەکە کراوە و تەنیا هەندێک وردەکاریی تەکنیکی ماون؛ ئەمەش بە مەبەستی خزمەتکردنی رەوەندی سووری لە هەرێم و ئاسانکاری بۆ بازرگانان و هاتوچۆی هاووڵاتییانە. سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانیش، رایگەیاند دیمەشق کار دەکات بۆ فراوانکردنی دەروازەی نێوان سووریا و هەرێمی کوردستان و عێراق تا ئاستی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی بووژانەوەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی.
راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرنجی خستە سەر رۆڵی مێژوویی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و گوتی: روانینمان بۆ هەرێمی کوردستان زۆر ئەرێنییە؛ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێم لە کاتی جەنگدا رۆڵێکی گەورەیان لە میوانداریکردنی پەنابەراندا گێڕا و بەردەوام پاڵپشتی دیالۆگیان کردووە. هەروەها سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دیمەشق بە مێژوویی وەسف کرد کە دەرگای هاوکاریی لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، وەبەرهێنان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە نێوان هەردوولادا کردووەتەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مافی کورد، غەزبان ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا بە شێوازێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت، و گوتی: هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا، مەرسوومێکی مێژوویی سەرۆکایەتی بۆ دانپێدانان بە مافەکانی پێکهاتەی کورد و بەخشینی رەگەزنامە بە کوردانی بێبەشکراو دەرچووە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە و لە قۆناخی داهاتوودا پێویستی بە هەوڵی هاوبەشە بۆ جێبەجێکردنی خوێندنی زمانی کوردی و تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان.
غەزبان ئاشکرای کرد کە بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار پەنابەر بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و ئارام گەڕاونەتەوە بۆ سووریا. ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ خێوەت لە وڵاتدا نەمێنێت. سەبارەت بەو پەنابەرە سوورییانەی کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، دڵنیایی دا کە لێژنەی تایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە بۆ هاوتاکردنی بڕوانامەکان و هیچ کێشەیەک لە دانپێدانانیاندا دروست نابێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مۆدێلی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵات لە نێوان مەرکەزییەت و فرەچەشنیدا، نەجیب غەزبان روونی کردەوە: ئێمە بڕوامان بە دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز و هاوکات بەڕێوەبردنی فرەچەشن هەیە لە رێگەی دەسەڵاتی خۆجێیی بۆ سەرجەم پارێزگاکان. پێویستە مۆدێلێکی تایبەت بە سووریا دابڕێژین کە مافی هاووڵاتییبوونی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر بکات بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، چ کورد بن، عەرەب، ئاشووری، کریستیان، درووز یاخود عەلەوی، تاوەکو فرەچەشنی ببێتە مایەی هێز نەک لێکترازان.