فەرەنسا، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەشداری خۆپیشاندانیان کردووە

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، نزیکەی 550 هەزار کەس لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دژی گرانیی بژێوی ژیان رژاونەتە سەر شەقامەکان، هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش لە میانەی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکاندا 400 کەسیان دەستبەسەر کردووە.

شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرای کرد، لە کۆی گشتیی بەشداربووان، تەنیا لە پاریسی پایتەخت نزیکەی 110 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و هێزەکانی پۆلیسیش 400 کەسیان لە ناڕازییان راگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو رێکخراوانەی بەشدارییان لە رێکخستنی ناڕەزایەتییەکاندا کردووە رایانگەیاندووە، ژمارەی بەشداربووان لە سەرتاسەری وڵاتدا گەیشتووەتە نزیکەی 800 هەزار کەس.

شەممە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی شارەکانی فەرەنسای گرتەوە لەلایەن خوێندکارانی ناوەندەکانی خوێندن، بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان و چالاکوانانی ژینگەییەوە سەرپەرشتی دەکرا. لە چەندین ناوچەش گرژی و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویدا و پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی جەماوەر گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.

لە رووداوێکی بەرچاویشدا، لە مارسیلیا کە بە دووەم گەورەترین شاری فەرەنسا دادەنرێت، ژمارەیەک خۆپیشاندەر بەربەستە ئەمنییەکانیان شکاند و بۆ ماوەیەکی کاتی چوونە ناو بینای شارەوانیی شارەکەوە و پێش دەستوەردانی هێزەکانی پۆلیس، دروشم و هێمای تایبەت بە بزووتنەوە ئەنارکیستەکانیان لەسەر دیوارەکان نەخشاند.

ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان، یادەوەریی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانی لە ساڵانی 2018 و 2019 لە فەرەنسا زیندوو کردەوە، کە لەو کاتەدا دژی زیادکردنی باجی سەر سووتەمەنی دەستیپێکردبوو پێکردبوو و بووە یەکێک لە گەورەترین جووڵانەوە جەماوەرییەکانی ئەو وڵاتە.

هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" رایگەیاند: لە وڵاتەکەدا هیچ جێگەیەک بۆ توندوتیژی نییە، ئەوانەی کردەوەی تێکدەرانەیان کردووە، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا ئیدارییەکان و فرۆشگاکان و تەنانەت باڵەخانەی شارەوانییەکانیشیان تاڵان کردووە، راپێچی یاسا دەکرێن و سزای توندی خۆیان وەردەگرن.

سەرۆکی فەرەنسا لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتی: هەموومان وەک یەک دەست لە دژی بڵاوکەرەوەکانی پشێوی و ئاژاوە دەوەستینەوە، چونکە ئەوان ئامانجیان تەنیا لێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەتە و رێگری لەو هاووڵاتییانەش دەکەن دەیانەوێت بە شێوازێکی هێمنانە و ئاشتییانە داواکارییەکانیان بگەیەنن.

چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە فەرەنسا بەردەوامە. قوتابیان داوای چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی پۆلەکان، کەمیی ژمارەی مامۆستایان و ئەو ئاڵنگارییە پێکهاتەییانە دەکەن، کە رووبەڕووی کەرتی پەروەردە بوونەتەوە.