وردەکاری و گۆڕانکارییە نوێیەکانی پرۆسەی خوێندنی باڵا ئاشکرا دەکرێت

سەرتیپ خاڵس: هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنی خوێندنی باڵا دیاریی نەکراوە

د. سەرتیپ خاڵس حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵا
د. سەرتیپ خاڵس حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ راگەیاندنی خولێکی نوێی خوێندنی باڵا (دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێکردووە و چەندین گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی تاقیکردنەوەکان، هاوسەنگکردنی کۆنمرەی دەرچووان و سیستەمی خاڵبەندیدا رادەگەیەنێت، هاوکات بڕیاری کۆتایی لەسەر وادەی دەستپێکردنی پڕۆسەکە پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەت.

دووشەممە، 19تشرینی یەکەمی 2026، د. سەرتیپ خاڵس حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان24، تەواوی وردەکاری، رێکار، گۆڕانکارییە نوێیەکان و سیستەمی خاڵبەندیی پرۆسەی پێشکەشکردنی بۆ خوێندنی باڵا (دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانی هەرێمى کوردستان خستەڕوو.

وادەی دەستپێکردن و پەسەندکردنی پلانی کورسییەکان

سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی فەرمیی پرۆسەکە، د. سەرتیپ خاڵس رایگەیاند: "تاوەکوو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو دانەنراوە، چونکە ئەم بابەتە پەیوەستە بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت بۆ دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن بە پڕۆسەى پێشکەشکردن، بەڵام لە لایەن زانکۆکان و وەزارەت ئامادەکارییەکی زۆر باش کراوە بۆ ئەوەی راوەندی نوێ لە کاتی گونجاودا رابگەیەنرێت و دەرفەت بۆ خوازیاران بڕەخسێندرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی هەرەزۆری زانکۆکانی هەرێم پلانەکانی خۆیان بۆ هەردوو جۆری کورسی (خۆرایی و پارالێڵ) رەوانەی وەزارەت کردووە و پاش بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەت، راستەوخۆ پلانەکان پەسەند دەکرێن و بە شەفافییەتەوە لەسەر وێبسایتی فەرمیی وەزارەت و زانکۆکان پلانە و ژمارەى کورسیەکان بڵاودەکرێنەوە بۆ ئاگاداربوونى خوازیاران. 

هەروەها جەختی کردەوە، کە هەوڵ دراوە ژمارەیەکی بەرچاو لە کورسیی خوێندنى باڵا لە راوندى نوێ بۆ خوازیاران دابین بکرێت تاوەکو زۆرترین دەرفەتی درێژەدان بە خوێندن لە ناوەوەی وڵات لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنرێت.

گۆڕانکارییە نوێیەکان لە شێوازی تاقیکردنەوە و پڕۆسەى وەرگرتن

بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا تیشکی خستە سەر دیارترین ئەو گۆڕانکارییە گرنگانەی لە راوندی نوێدا پەیڕەو دەکرێن:

زمانی ئینگلیزی: بووەتە مەرجێکی پێشوەختە بۆ پێشکەشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا.

نمرەی تاقیکردنەوە: نمرەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە (30) نمرەوە بۆ (40) نمرە زیاد کراوە.
پرسیارەکان: سەرجەم پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی توانست دەبنە شێوازی هەڵبژاردن (MCQ) لە پێناو شەفافییەت و پاراستنی مافی خوازیاران.

ماستەرشیت و وەڵامەکان: پاش تاقیکردنەوە، وێنەیەک لە ماستەرشیتی وەڵامدانەوەى پرسیارەکان دەدرێتەوە بە خوازیار، و وەڵامی نموونەیی پرسیارەکان راستەوخۆ دواى تاقیکردنەوە ڕادەگەیەنرێت.

هەڵسەنگاندنی خێرا: پڕۆسەی هەڵەچنینی پەڕاوی تاقیکردنەوەکان بە خێرایی دەکرێت و ئەنجامەکان لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا رادەگەیەنرێن، بەڵام پڕۆسەى خاڵبەندیی وەرگرتن دوای وردبینیکردن لە لایەن سەرۆکایەتیی زانکۆکان و وەزارەت رادەگەیەنرێت.

فراوانکردنی پسپۆرییەکانى دکتۆرا: لە خوێندنى دکتۆرا، پێشکەشکار پسپۆرى ماستەرى لە هەر پسپۆرییەک بێت، دەتوانێت پێشکەشى پسپۆرییەکى دیکە لە خوێندنى دکتۆرا بکات، بەو مەرجەى پسپۆرییەکە لە چوارچێوەى پسپۆرییەکانى بەشەکەى بێـت، نەوەک بەشى زانستى دیکە.

هاوکێشەی هاوسەنگکردنی نمرە: بۆ یەکەمجارە هاوکێشەیەکی زانستیی ستاندارد بۆ هاوسەنگکردنی نمرەی بەکالۆریۆسی دەرچووانی زانکۆ تایبەت و حکوومییەکان لە ساڵانی کۆن و نوێ داندراوە بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى، بەم شێوازەی خوارەوە:

• Average: degree of student (تێکراى نمرەى پێشکەشکار).
• Maximum: maximum number of the degree (بەرزترین تێکراى نمرە لەم ساڵدا).
• Minimum: minimum number of the degree (نزمترین تێکراى نمرە لەم ساڵدا).

 

 

سیستەمی خاڵبەندی و پێوەرەکانی وەرگرتن

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کرد، کە بۆ ماستەر و دکتۆرا، خاڵبەندی لەسەر تەمەن و توانستى زمانی ئینگلیزی هەژمار ناکرێت، بەڵکو میکانیزمی خاڵبەندی بەم شێوەیە دەبێت:

دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی:

- وەرگرتن تەنیا لەسەر بنەمای تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسە.

- کۆنمرەی (50)ی بەکالۆریۆس هیچ خاڵێکی پێ نادرێت، بۆ هەر نمرەیەک لە سەرووی 50، پێشکەشکار یەک خاڵ وەردەگرێت، بە نموونە: کۆنمرەی 55، پێشکەشکارەکە 5 خاڵ وەردەگرێت.

ماستەر:

- پێوەر بریتییە لە (تێکڕای نمرەی هاوسەنگکراوی بەکالۆریۆس + تاقیکردنەوەی توانستى زانستى).

- لە بەکالۆریۆسدا، نمرەی (60) هیچ خاڵێکی پێ نادرێت و سفرە، بۆ هەر نمرەیەکی سەروو 60، خاڵێک وەردەگرێت و پۆینتەکانیش بەپێی خۆی هەژمار دەکرێت.

-دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان ئەگەر نمرەیان لە 60 کەمتر بێت، هیچ خاڵێک وەرناگرن.

-هەڵگرانی دیپلۆمی باڵا بۆ ماستەر، 60%ـی کۆنمرەی دیپلۆمی باڵا لەگەڵ 40% کۆنمرەی بەکالۆریۆس کۆدەکرێتەوە ، ئەگەر تێکڕاکەی گەیشتە 60، لە سەرووی 60ـەوە بە هەمان پێوەرى سەرەوە خاڵی بۆ هەژمار دەکرێت.

-تاقیکردنەوەی توانستى زانستى (لە 40 نمرە): بەدەستهێنانی نمرەی (20) هیچ خاڵێکی نییە (سفرە)، بۆ هەر نمرەیەک لە سەرووی 20، یەک خاڵی پێدەدرێت.

دکتۆرا:

لەسەر بنەمای (بەکالۆریۆس + ماستەر + تاقیکردنەوەی توانستى زانستى + توێژینەوە و داهێنانی زانستی + پڕۆسەی دڵنیایی جۆری تەنیا بۆ هەڵگرانی نازناوی زانستی) دەبێت:

بەکالۆریۆس: لە سەرووی نمرەی 60 خاڵ هەژمار دەکرێت.

ماستەر: تێکڕای نمرەی ماستەر لە 70 دەبێتە سفر خاڵ و، بۆ هەر نمرەیەکی سەرووی 70 خاڵێک وەردەگرێت.

تاقیکردنەوەی توانستی زانستی: لە سەرووی نمرەی 20، خاڵبەندیی بۆ دەکرێت.

خاڵبەندیی توێژینەوەی زانستی و دڵنیایی جۆری بۆ دکتۆرا

توێژینەوە و داهێنان (بەرزترین ئاست/میچ بریتییە لە 25 خاڵ).

-توێژینەوە لە گۆڤاری خاوەن ئیمپاکت فاکتەری کلاریڤەیت (Clarivate Analytics):  10 خاڵ.

-گۆڤاری سکۆپەس چارەکی یەکەم و دووەم (Q1+Q2):  7.5 و چارەکی سێیەم و چوارەم(Q3+Q4):  5 خاڵ.

-گۆڤاری زانستیی ناوخۆیی باوەڕپێکراوی هەرێمى کوردستان یان زانکۆ حکوومییەکانی عێراق: 5 خاڵ.

-مەرجە توێژینەوەکان لە دوای بەدەستهێنانی ماستەر بڵاوکرابێتنەوە و لە نامەى ماستەر هەڵێنجراو نەبن، ئەگینا هەژمار ناکرێت.

-بڕوانامەی داهێنانى زانستى (براءة الاختراع)ی باوەڕپێکراو: 10 خاڵ.

-ریزبەندیی توێژەر لە توێژینەوەی هاوبەش: لە زانستە مرۆڤایەتییەکان تا توێژەری سێیەم و، لە زانستە سروشتی، پزیشکی و ئەندازیارییەکان تا توێژەری 4 هەژمار دەکرێت.

پڕۆسەی دڵنیایی جۆری (تەنیا بۆ کورسیی گشتی و خاوەن نازناوی زانستی):

هەگبەی مامۆستا: بەرزترین نمرەی دوو ساڵی کۆتایی (نموونە: 4 نمرە دەبێتە 4 خاڵ).

زانستخوازی بەردەوام (CAD): بەرزترین نمرەی دوو ساڵی کۆتایی لێکدانی (0.05) دەکرێت (نموونە: 80 نمرە دەبێتە 4 خاڵ).

مەرجی زمانی ئینگلیزی بەپێی رێنمایی ژمارە (12)ی ساڵی 2024 لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان

بە پێی رێنماییەکان، مەرجی توانستى زمانى ئینگلیزی بۆ قۆناخە جیاوازەکان بەم شێوەیە دیاریی کراوە:

دیپلۆمی باڵا: لە کاتی پێشکەشکردندا مەرج نییە، بەڵکو خوازیار لە ماوەی هەردوو سیمستەری خوێندندا وەک بابەتێکی ئەکادیمی دەیخوێنێت.

ماستەر (سەرجەم بەشەکان):  پێویستە یەکێک لەم بروانامە پێشکەش بکات: یان بروانامەى ئاستى ناوەند (Intermediate) لە سەنتەرەکانی زمانی زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، یاخود  یەکێک لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی (IELTS: 5) و (TOEFL-iBT: 59) و (PTE: 52).

دکتۆرا بەشەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکان: هاوشێوەی خوێندنى ماستەر پێویستە یەکێک لەم بروانامە پێشکەش بکات، واتە یان بروانامەى ئاستى ناوەند (Intermediate) لە سەنتەرەکانی زمانی زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، یاخود یەکێک لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (IELTS: 5) و (TOEFL-iBT: 59) و (PTE: 52).

دکتۆرا بەشەکانی زانستە پەتی، سروشتی، پراکتیکی، ئەندازیاری و پزیشکییەکان: پێویستە یەکێک لەم بروانامە پێشکەش بکات: یان بروانامەى ئاستى پێشکەوتوو (Advanced) لە سەنتەرەکانی زمانی زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، یاخود یەکێک لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان وەک: (IELTS: 6) و (TOEFL-iBT: 73) و (PTE: 67).

پەیام و رێنمایی بۆ خوازیاران

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی باڵا، رێنوێنى سەرجەم خوازیارانی خوێندنى باڵا دەکات کە لە ئێستاوە کات بەفیڕۆ نەدەن و خۆیان بۆ بەدەستهێنانی مەرجی زمانی ئینگلیزی ئامادە بکەن، هەروەها بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر بە نمرەوە دەستەبەر بکەن. 

جەختیشی کردەوە، ئەوانەى بڕوانامەکانیان لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێناوە، پێویستە مامەڵەى یەکسانکردنى بروانامە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن لە رێگەى پێشکەشکردن لە وێبسایتی وەزارەت (https://equalization.digital.gov.krd/) .