ئەمساڵ 7 هەزار دۆنم زەوی بە پیاز دەچێندرێت

بەرهەمهێنانی پیاز لە کەرتی کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی نوێ، گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ روونیکردەوە، ئەمساڵ 7 هەزار دۆنم زەوی بە پیاز دەچێنرێت و پێشبینی دەکرێت دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر پرۆسەی چاندندا، کۆی بەرهەمەکە لە 70 هەزار تەن تێپەڕێت.

ئەم گەشەسەندنە لە کاتێکدایە جووتیارانی ناوچەکە بە بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی کشتوکاڵی، دەستیان بە چاندنی بەرفراوانی پیاز کردووە. جووتیار نەوزاد نیعمەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی گونجاویی کەشوهەواوە پلانیان بۆ زیادکردنی رووبەری چاندن داناوە، چونکە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە بارانبارینی زۆر کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمەکە هەبوو، ئەمساڵ دۆخەکە بۆ جووتیاران باشترە.

لە بەرامبەردا جووتیار فەتحی ئیسماعیل روونیکردەوە، ساڵی رابردوو نرخی پیاز لە بازاڕدا گونجاو بوو، ئەمەش هانی ئەوانی داوە بۆ ئەمساڵ رووبەری زیاتری زەوی بۆ چاندن تەرخان بکەن. بە گوتەی جووتیارانی ناوچەکە، دەرکەوتنی هەور و بارینی بارانی مامناوەند، هیوا و دڵخۆشییەکی زۆری بۆ ئەوان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باشتر بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە، ئەسڵان حوسێن، بەرپرسی بەشی ئامار و پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ جەختیکردەوە، پاڵپشتیی راستەوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رەخساندنی بازاڕی ساغکردنەوە، هۆکاری سەرەکیی هاندانی جووتیارانە. 

ئەسڵان حوسێن روونیکردەوە، بەهۆی ئەو پاڵپشتییانەوە دەرگەی بازاڕەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕووی بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستاندا کراوەتەوە. بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، بەرهەمی پیاز بە هەردوو جۆری سپی و سوور، دوای پێگەیشتنیان لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا دەخرێنە بازاڕەکانەوە.