کات و وردەکاریی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت. ا

وەزارەتەکە لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، تا رۆژی پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەموو مامۆستایانی گرێبەست مووچەکانیان وەردەگرن.

وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتەروو، لە هەمان کاتدا دەست بە پێدانی مووچەی مانگی ئەیلوولی هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە لە دوای 1ـی تەمووزی 2024 بە شێوازی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و مافە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان پێشتر وەک مامۆستای وانەبێژ لە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکاندا کاریان دەکرد، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرانە فەرمانبەری گرێبەست. ژمارەی ئەو مامۆستایانە زیاتر لە 42 هەزار مامۆستایە، لەو ژمارەیە نزیکەی 38 هەزاریان سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و زیاتر لە چوار هەزاریان سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان. 

بەهۆی رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر دابینکردنی پارە بۆ دامەزراندنی نوێ، وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دەنێرێت کە پێش مانگی تەمووزی 2024 لە خشتەکانی مووچەدا ناویان پەسەند کراوە. بەو هۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی دوای ئەو رێکەوتە لە داهاتی نانەوتیی ناوخۆ دابین دەکات.