پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و مەخموور دابەش دەکرێت

گەنم
گەنم

ئەمڕۆ سایلۆی سلێمانی داوای لە سەرجەم ئەو جووتیارانە کرد کە گەنمی 2025 یان رادەستی سایلۆ کردووە، سەردانی هۆبەی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.

نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پارەی گەنمی ساڵی 2025 بەسەر 223 جووتیار دابەش دەکرێت و بەمەش کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 کۆتایی دێت، گوتیشی، بڕی پارەکە 4 ملیار و 602 ملیۆن دینارە و تایبەتە بە شایستەی دارایی زیاتر لە 157 هەزار تۆن گەنم.

نەسرین ئەحمەد جەختیشیکردەوە، پێویستە ئەو جووتیارانەی گەنمەکەیان بە ناوی خۆیان تۆمار کراوە، خۆیان ئامادە بن، یان نوێنەرەکەیان بە بریکارنامەیەکی یاسایی و نوێکراوە سەردانی سایلۆ بکات، هاوکات لە ئەگەری بەسەرچوونی بریکارنامەکە، پێویستە پێش سەردانەکە نوێ بکرێتەوە و کەسی ئامادەبووش کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆی ببات.

لەلایەکی دیکەوە، سایلۆی مەخموور جووتیارانی سنوورەکەی ئاگادارکردەوە کە ئەمڕۆ دەتوانن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەی گەنمەکانیان سەردانیان بکەن، سایلۆکە روونیکردەوە، ئەم قۆناخەی دابەشکردنی پارەکە تەنیا ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە خاوەنی ژمارە کارتی 1 تا 20ـن.