بانکی ناوەندیی عێراق گۆڕینەوەی پارەی دڕاوی کردە ئەلیکترۆنی

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

بانکی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی نەهێشتنی ئاڵۆزیی کارگێڕی و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ گۆڕینەوەی پارەی کۆن و دڕاو لە رێگەی دەروازەی نیشتمانیی "ئوور" خستە کار.

بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیەنراوێکدا شێوازی کارکردنی سیستەمە نوێیەکەی خستەروو و گوتی، ئەم هەنگاوە لە پێناو کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کات و خێراکردنی پێشکەشکردنی راژەکان بە هاووڵاتییان گیراوەتەبەر.

 لەمەودوا هەر کەس لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت لە رێگەی پلاتفۆرمی نیشتمانیی "ئوور"ەوە داواکارییەکانی بە شێوازی ئۆنلاین بنێرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە، هەنگاوەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بەم شێوەیە دەبن: 
 
1. هاووڵاتی دەتوانێت لە رێگەی بەستەری فەرمیی (https://currency.app.cbi.iq) یان دەروازەی "ئوور"ەوە هەژماری تایبەت بکاتەوە.  

2. داواکار زانیاریی کەسی وەک ناوی چوارینە، ژمارەی پێوەندیکردن، جێگەی نیشتەجێبوون و بەڵگە فەرمییەکان تۆمار دەکات.  

3. جۆر و بڕی ئەو پارە دڕاو و کۆنەی دەیەوێت بیگۆڕێتەوە دیاری دەکات.  

4. لە دوای ناردنی داواکارییەکە، دەستەیەکی تایبەتی بانکی ناوەندی وردبینی لە زانیارییەکاندا دەکەن و لە رێگەی پەیوەندییەوە، رۆژ و کاتی سەردانی بانک بۆ وەرگرتنی دراوە نوێیەکە دیاری دەکەن.  

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە دا، کارپێکردنی ئەم سیستەمە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانە بەرەو دیجیتاڵیکردنی دامەزراوەکان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بڕوا و چاکی راژە بانکییەکان و رێگری لە ماندووبوونی هاووڵاتییان.