بارانی پێشوەختە هەڕەشە لە بەرهەمی کونجیی جووتیارانی دەشتی بیتوێن دەکات

لە دەشتی بیتوێن، بارینی پێشوەختەی شەپۆلەکانی بارانی پایزە دڵەڕاوکێی بۆ جووتیاران دروست کردووە، هەرچەندە بەرهەمی کونجیی ئەمساڵ بە گشتی لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام بارانبارینی پچڕپچڕ بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو خەرمانانەی هێشتا کۆنەکراونەتەوە. بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان لە تیاچوون، بەشێکی زۆری جوتیاران ناچار بوون بەپەلە نایلۆن بکڕن و خەرمانەکانیان پێ دابپۆشن.

کونجی یەکێکە لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە لە قۆناخی خەرماندا بەرامبەر بە شێ و ئاو زۆر هەستیارە. ئەگەر بەرهەمەکە تەڕ ببێت، ئاو لە بەشی خوارەوەی خەرمانەکە کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی رزی بوون، هەروەها لە بەشی سەرەوەش پێش ئەوەی بتەکێندرێت، دەنکە کونجییەکان شین دەبنەوە و چەقەرە دەکەن. بەم هۆیەوە، لەگەڵ وەستانی باران و دەرکەوتنی خۆردا، جووتیاران بەپەلە نایلۆنەکان لادەبەن تا خەرمانەکانیان وشک ببنەوە و ماندووبوونی ساڵێکیان بەفیڕۆ نەچێت.

جووتیارانی ناوچەکە گلەیی لە گۆڕانی کەشوهەوا و زیانەکان دەکەن. جووتیارێک سەبارەت بە زیانەکان گوتی "ئەمساڵ بارودۆخەکە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ساڵانی دیکە هەبوو، هەورەکان و باران زووتر هاتن، بۆیە زەرەرمەند بووین. ئاو چووەتە بن کونجییەکە، کونجیش ئەگەر ئاوی پێبکەوێت شین دەبێتەوە. هەرچەندە سوپاسی خوا دەکەین، بەڵام بەگشتی ئەمساڵ جووتیار زەرەرمەند بووە".

جووتیارێکی ئافرەت کە خەریکی داپۆشینی خەرمانەکەیەتی گوتی "خوا قەرەبوومان بکاتەوە، هەرچەندە بارانێکی باش باریوە و پەڵە پێش دەخات، بەڵام زیانێکی زۆریشی لێ داین. پارساڵ مانگی 11 باران نەدەباری، بۆ ئاخرەکەش لافاو هەموو شتێکی برد".

جووتیارێکی دیکە باس لە تیاچوونی بەرهەمەکان دەکات و دەڵێت "ئەمساڵ بەهۆی زۆریی ئاوەوە بەرهەمی کونجی زۆر باش بوو، بەڵام ئەو دەنگۆیەی دەیگوت لە سەرەتای مانگی 10 باران دەبارێت، رەوشەکەی ئێمەی تێکدا، کونجی ئەگەر بارانی لێ ببارێت چەقەرە دەکات، ئەگەر چەقەرەشی نەکرد دەڕزێت و دەبێت فڕێ بدرێت. هەر بەهۆی ئەمەوە، خزمێکی خۆمان نزیکەی 11 عەرەبانە کونجی فڕێدا چونکە هەمووی رزی و لەناوچوو".

ساڵانە لە دەشتی بیتوێن رووبەرێکی فراوان بۆ چاندنی کونجی تەرخان دەکرێت. بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو نزیکەی 3,500 بۆ 4,000 دۆنم زەوی بە کونجی داچێندرابوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە کەمی کردووە، هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەش بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان دەگەڕێتەوە، کە بووە هۆی ژێرئاوکەوتنی زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە.