لێژنەی باڵای فەتوا: وەرگرتنی فەتوا لە زیرەکیی دەستکرد دروست نییە
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەرگرتنی فەتوا لە رێگەی "چات جی پی تی" دروست نییە و پێویستە هاووڵاتییان بۆ پرسە ئایینییەکان پشت بەو تەکنەلۆژیایە نەبەستن.
بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ زانینی حەرام و حەڵاڵی پرسە ئایینییەکان پەنا بۆ "چات جی پی تی" دەبەن و فەتوای لێ وەردەگرن، ئەم دیاردەیەش کاردانەوەی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی لێکەوتووەتەوە کە بە کارێکی نادروست و نەشیاوی دەزانن. دوێنێ گرتە ڤیدیۆی مامۆستایەکی ئایینی بڵاوکرایەوە کە تێیدا جەخت لە نەشیاویی وەرگرتنی فەتوا لەو زیرەکییە دەستکردە دەکاتەوە.
کوردستان24 بۆ روونکردنەوە و گەیاندنی زانیاریی دروست بە هاووڵاتییان، پرسیارەکەی ئاراستەی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کرد.
دکتۆر حەسەن پشدەری، ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوا لە وەڵامدا رایگەیاند، وەرگرتنی فەتوا لە "چات جی پی تی" دروست نییە.
پشدەری گوتیشی: ئەگەر لەسەر بابەتێک پرسیار لە "چات جی پی تی" کرا و وەڵامەکەی بە سەرچاوەی متمانەپێکراوەوە پێشکەش کرد، پاش ئەوەی هاووڵاتییەکە خۆی پشکنینی بۆ ئەو سەرچاوەیە کرد و دڵنیا بوو کە ناوەڕۆکەکەی هاوتایە، ئەوکات ئاساییە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای فەتوا روونیکردەوە، زۆربەی کات وەڵامەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە بێ سەرچاوەن یان سەرچاوەکان ئەو زانیارییانەیان تێدا نییە کە "چات جی پی تی" باسیان دەکات.
لە کۆتاییدا د. حەسەن پشدەری جەختیکردەوە، باشتر وایە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی فەتوا پشت بەو تەکنەلۆژیایە نەبەستن، چونکە پشتیوانیکردن لەو بوارەدا دروست نییە.