کەرکووک.. لە قوتابخانەیەکی خوێندنی عەرەبی رێگە بە گووتنەوەی وانەی کوردی نادرێت
مامۆستایەکی زمانی کوردی لە دواناوەندییەکی خوێندنی عەرەبی لە پارێزگای کەرکووک رایدەگەیەنێت، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە رێگریی بەردەوامی لێدەکرێت بۆ گووتنەوەی وانەی کوردی و لە خشتەی وانەکان دەسرێتەوە، هاوکات داوا لە وەزیری پەروەردە دەکات بەپەلە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشە بدۆزێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی وانەی کوردی وەک وانەیەکی لاوەکی لە پۆلەکانی 10 و 11 لە قوتابخانەکانی خوێندنی عەرەبی لە کەرکووک دەخوێندرێت، بەڵام مامۆستایەکی زمانی کوردی ئاشکرای دەکات، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە رێگریی لێدەکرێت و ئاستەنگی بەردەوامی بۆ دروست دەکرێت.
مامۆستا ئیبتیسام، مامۆستای زمانی کوردی لە دواناوەندی (عیرفان) لە کەرکووک، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمەوە زۆر دژایەتیم دەکرێت تەنیا لەبەر زمانی کوردی، بەڕێوەبەرەکە دەڵێت بە هیچ شێوەیەک نابێت زمانی کوردی لەم قوتابخانەیەدا بمێنێت."
مامۆستا ئیبتیسام روونیشی کردەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە وانەی کوردی لە خشتەی روژانەدا دەسڕێتەوە و گوتی: "وەک دزێک دەچمە نێو پۆلەکان و لە وانەی وەرزش و هونەردا دەرسی کوردی دەڵێمەوە، بەڵام بەڕێوەبەرەکە بەنێو پۆلەکاندا دەگەڕێت و لە هەر پۆلێک من ببینێت دەرم دەکاتە دەرەوە."
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی قوتابییەکان عەرەبن و قوتابی کوردی لێ نییە، بەڵام قوتابییەکان حەز بە فێربوونی زمانی کوردی دەکەن. هاوكات ئاشکرای کرد، بەردەوام فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەکەن و داوای لە وەزیری پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەپەلە بێنە سەر هێڵ و چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە.