حزبوڵڵا: لوبنان خاوەنی سەروەری نییە و بە نامەی واتس ئەپ ئاڕاستە دەکرێت
پەرلەمانتارێکی لوبنانی سەربە حزبوڵڵا، رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند، لوبنان خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی نییە و لە دەرەوە لە رێگەی پەیامەکانی "واتس ئاپ" و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئاراستە دەکرێت، هاوکات هۆشداریی دا کە رەوشی ئێستای وڵاتەکە بەم شێوەیە بەردەوام نابێت و هاوکێشەکان دەگۆڕێن.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەسەن فەزلوڵڵا، پەرلەمانتاری لوبنانی لە فراکسیۆنی وەفا بۆ بەرگریی سەر بە حزبوڵڵا، لە میانی رێوڕەسمێکی حزبەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتی لوبنان لەژێر گوشاردا دەریان دەکات، سەپاندنی داخوازییە دەرەکییەکانن بۆ لێسەندنەوەی سەرچاوەکانی هێز لە لوبنان، بەتایبەت دوای ئەوەی شەڕ و گەمارۆ نەیانتوانی بەرگری لەناو ببەن.
ئەو پەرلەمانتارەی حزبوڵڵا بە توندی دژی دەستبەسەرداگرتنی بارهەڵگرێکی چەکی سەر بە گرووپەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەستایەوە و گوتی: ئێمە دان بەو بڕیارانەدا نانێین کە لە دووی ئادار دژی بەرگری دراون؛ ئاساییە هێزەکانی بەرگری چەک بگوازنەوە بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ دژی دوژمن، چۆنیەتی و رێگەی گواستنەوەکەشی پەیوەستە بە رێکاری تایبەت بە خۆی. ئایا ئاشکرابوونی بارهەڵگرێک هۆکارە بۆ ئەوەی وڵات بەرەو ئاژاوە ببەن و بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکان بکەونە هاندانی رای گشتی؟
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، حەسەن فەزلوڵڵا، هۆشداریی دایە دامەزراوە فەرمییەکان و ئەو فەرمانبەر و بەرپرسانەی پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە ئەمریکی و هەرێمییەکان هەیە بۆ دەرکردنی بڕیاری ئەمنی و دادوەری و گوتی: ئێمە ئاراممان گرتووە، بەڵام هاوکێشەکە لە لوبنان دەگۆڕێت و ئەم دەسەڵاتە بەم شێوەیە بەردەوام نابێت، بۆیە رێنماییمان بۆ ئەوان ئەوەیە هێمن ببنەوە و چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی دەسەڵاتێکەوە گرێ نەدەن کە پێگەکەی لەرزۆکە.