کاتز: بە 36 هەزار بۆمب و هاوکاریی واشنتن لە ئێرانمان داوە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی و هاوکاریی لەگەڵ ئەمریکا بە 36 هەزار بۆمب ئامانجەکانیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، هاوکات ئاشکرای کرد بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان لە ئۆپراسیۆنێکدا لەناوبردووە.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەم قسانەی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانەی قسەکردنیدا هات دەربارەی جەنگی تشرینی یەکەمی 1973 لە ئیسرائیل بە جەنگی لێخۆشبوون ناسراوە، ناوبراو هۆکاری شکستی ئەو کاتەی ئیسرائیلی بۆ بڕیاری سیاسی گەڕاندەوە و گوتی، سەرکردایەتیی سیاسی لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکە ئاگادار بوو، بەڵام لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رێکاری پێشوەختە و هێرشی بەرگریی بەرامبەر میسر و سووریا نەگرتە بەر.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل روونیکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە پشتیوانیی سەرکردایەتیی سەربازی و سیاسی، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و مێژوویی دا بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئێران کە دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورن.
کاتز رایگەیاند، ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنێکدا توانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران خاپوور بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هەردوو وڵات کڵاوەی تەقینەوەیان بەکارهێناوە کە کێشی هەر دانەیەکیان یەک تۆن بووە و بە وردی ئامانجەکانیان لە ناو ئێران پێکاوە و لە سەرجەم ئۆپراسیۆنەکانیشدا 36 هەزار بۆمبیان بەکارهێناوە، لە کۆتاییشدا سەبارەت بە عەلی خامنەیی گوتی: "ئێمە خامنەییمان کوشت." هاوکات رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ئێران ئامادەیە و لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەیان، وەڵامێکی توند و وێرانکەر بە تاران دەدەنەوە.