ترەمپ هۆشداریی دەداتە ئێران و ئیسرائیل

 سەرۆکی ئەمریکا، لە نامەیەکی کراوەدا ئاراستەی خەڵکی ئیسرائیلی کردووە، پشتیوانیی رەها و بێمەرجی خۆی بۆ هەڵبژاردنەوەی بنیامین ناتانیاهۆ وەک سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە راگەیاند و بە سەرکردەیەکی بەهێز و تاقانە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا وەسفی کرد.

یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا ناتانیاهۆی بە سەرۆکوەزیرانێکی جەنگاوەر و هاوبەشێکی مەزن بۆ ئاشتی لەقەڵەم دا و رایگەیاند، ناتانیاهۆ لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا سەرکەوتوو بووە، هەروەها رایگەیاند، ئێران لە رووی سەربازی و داراییەوە وێران کراوە و هۆشداریشی دا: ئەگەر ئێران بە خێرایی رێڕەوی خۆی نەگۆڕێت، ئەوا بەم زووانە تەواوی دەکەین.

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە دەنگدەرانی ئیسرائیلی لە بارەی هەڵبژاردنی هەر سەرکردەیەکی دیکە و گوتی: ئەگەر ئیسرائیل سەرکردەیەکی هەڵە هەڵبژێرێت، بە بۆچوونی من هەر کەسێک جگە لە ناتانیاهۆ بێت هەڵەیە، ئەوا دەبێت ئەمریکا خۆی ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات، لە کاتێکدا من هیچ ئارەزوویەکی ئەوەم نییە بە تەنیا ئەو بارگرانییە هەڵبگرم. ترەمپ روونیشیکردەوە، ناتانیاهۆ رێک ئەو جۆرە هاوبەشەیە کە واشنتن لە ئیسرائیلی چاوەڕوان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ستایشی خۆڕاگریی ناتانیاهۆی کرد لە بەرامبەر گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا و نووسیویەتی: لە سەختترین ساتەکاندا چاودێریی ناتانیاهۆم کردووە، هەر کەسێکی ئاسایی لەژێر ئەو هەموو گوشارەدا بووایە دەشکا، بەڵام ئەو نەک هەر نەشکا، بەڵکو بەهێزتر بوو و ئێستاش لەسەر ئەو بەهێزییەی بەردەوامە.

لە کۆتایی نامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ کەمپینی هەڵبژاردنەوەی ناتانیاهۆ دووپات کردەوە و پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی گەلی ئیسرائیل کرد بەوەی کە ناتانیاهۆ هەرگیز بێئومێدتان ناکات.