سبەی فەرمانبەرانی گوێر و سفەییە زەوی وەردەگرن

سبەی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر 1700 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێریش ئاشکرای دەکات، ژمارەی زەوییە دابەشکراوەکان دەگاتە نزیکەی 38 هەزار پارچە زەوی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: سبەی دووشەممە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت و لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی گوێر و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سفەییە، 1700 فەرمانبەر دەبنە خاوەنی زەوی خۆیان.

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: پێشتر 36 هەزار پارچە زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرابوو، لەگەڵ ئەم پرۆسەیەی سبەینێشدا کۆی گشتیی ئەو زەوییانەی دابەش کراون دەگاتە نزیکەی 38 هەزار پارچە زەوی.

سەبارەت بە پرۆسەی تاپۆکردن و پەسندکردنی مامەڵەکان، مەریوان حاکم هادی گوتی: وردبینیی زەویی فەرمانبەران، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە تاپۆوە هەیە، تا ئێستا کاری پێویست لەسەر مامەڵەی زیاتر لە حەوت هەزار فەرمانبەر جێبەجێ کراوە، مامەڵەکانی دیکەش بە نۆرە و یەک لە دوای یەک قۆناخەکانی وردبینییان بەردەوامە و کاریان لەسەر دەکرێت.

دەربارەی هەنگاو و پلانەکانی داهاتوویان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە داهاتوودا بەشێکی زۆری پلانەکەمان بریتییە لە دابەشکردنی زەوی لە قەزای کۆیە، لە ماوەیەکی نزیکدا لەو سنوورەش پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێ دەکات.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.