بەقایی بۆ ماکرۆن: دوو روویی لە سیاسەت جێگەی قبووڵ نییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی توندی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گرت و رایگەیاند، پاریس لە کاتێکدا توندوتیژی لە وڵاتەکەی خۆیدا رەتدەکاتەوە و هەڕەشەی سزای توند دەکات، کەچی لە وڵاتانی دیکە پشتیوانی لە تێکدەری و هێرشکردنە سەر دامەزراوەکان دەکات.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" کە ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کردبوو، نووسیویەتی: بەڕێز ماکرۆن! یادتانە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا بۆ ئەو کەسانەی لە رێگەی بانگەوازی دەرەکییەوە هێرشیان دەکردە سەر بنکە ئەمنییەکان و دامەزراوە گشتییەکانی وڵاتەکە، ناوتان دەنا گردبوونەوەی ئاشتییانە بەبێ ترس لە سزا؟! کەچی ئێستا لە وڵاتەکەی خۆتاندا رایدەگەیەنن کە تێکدان و هێرش بۆ سەر دامەزراوەکان قبووڵ ناکرێت و ئەنجامدەرانیان بە توندی سزا دەدرێن!
بەقائی رەخنەی لە هەڵوێستەکانی پێشووی ماکرۆن بەرامبەر وڵاتەکەی گرت، و روونیکردەوە، تاران لە بیری نەکردووە چۆن کەمێک پێش هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناردبوو و بەڵێنی دابوو کە دەتوانین کار و هەنگاوی گەورە دەربارەی ئێران بنێین، کە دواتر دەرکەوت مەبەست لێی هاوکاری بووە لە دەستدرێژی و تاوانەکاندا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی فراوانبوونی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی و گوتی: ئێستا کە ئاگر لە ماڵەکەی خۆتان کەوتووەتەوە و لە ئەمریکاش دروشمی دژ بە دەسەڵات بەرز دەبێتەوە، لە یادتان بێت مێژوو هەمیشە تەنیا تەماشاکەری سووتانی جیهان لە پەنجەرەی هاوپەیمانێتییە نەگریسەکانەوە نامێنێتەوە، بەڵکو هەندێک جار ئەو پەنجەرەیە دەشکێنێت و ئاگرەکە بۆ ناو ماڵی خاوەنەکانی دەگەڕێتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتەیەکی "ژان دی لافۆنتێن"ی ئەدیبی فەرەنسی وەبیرهێنایەوە و نووسی: ئەو فێڵەی بە لێهاتووییەوە دادەڕێژرێ، لەوانەیە زیاتر لە هەمووان بە زیانی داڕێژەرەکەیەوە تەواو بێت، خیانەتیش رەنگە بۆ لای خاوەنەکەی بگەڕێتەوە.