فوئاد حوسێن: عێراق کار بۆ کۆکردنەوەی ئێران و وڵاتانی کەنداو دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق، کۆتاییهاتنی کارەکانی پەنجا و دووەمین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و پەسەندکردنی راگەیاندنی بەغدای راگەیاند، هاوکات ئاشکرایکرد بەغدا کار لەسەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای تەواوبوونی کارەکانی دانیشتنەکە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەغدا لە ماوەی دوو رۆژدا میوانداریی شاندەکانی 55 وڵاتی ئەندامی رێکخراوەکەی کردووە، بە جۆرێک 22 وەزیری دەرەوە ئامادەی بوون و 180 دەزگای میدیاییش رووماڵی رووداوەکەیان کردووە، هەروەها روونیکردەوە، بەغدا لەم خولەدا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەی لە تورکیا وەرگرتووە.
فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد، پرسی فەڵەستین و قودس لە پێشەنگی کارنامەی کۆنفرانسەکەدا بووە، بەتایبەت بابەتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی پیرۆزییەکانی قودس، لە پاڵ تاوتوێکردنی قەیرانە ناوچەییەکان، دۆخی وڵاتانی ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، وەزیری دەرەوە رایگەیاند: ئێمە دەستپێشخەریی کۆبوونەوەی (6 + 1)مان خستووەتەڕوو، و کار بۆ ئەوە دەکەین لە بەغدا کۆبوونەوەیەک لە نێوان شەش وڵاتی کەنداو و کۆماری ئیسلامیی ئێران رێکبخەین. گوتیشی: ئەرکی وڵاتانی ناوچەکەیە دەستپێشخەری بکەن چونکە خاوەن بەرژەوەندین، هەربۆیە بە هاوکاریی ئەمینداری گشتی پەیوەندی بە دەوڵەتەکانەوە دەکەین تاوەکو دەگەینە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر،
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، فوئاد حوسێن جەختیکردەوە، بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوانە لە بەغدا پەیامێکی روونی ناوخۆیی و دەرەکیی هەبوو، لەسەر ئاستی ناوخۆ سەلماندی کە پایتەخت لە رووی ئەمنییەوە ئارام و پارێزراوە و باوەش بۆ هەموو لایەک دەکاتەوە، لەسەر ئاستی دەرەوەش نیشانەی پتەوبوونی پێگەی دیپلۆماسیی عێراقە، کە پێشتر سەرۆکایەتیی لووتکەی عەرەبی کردووە و ئێستاشدا سەرۆکایەتیی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوکاریی ئیسلامی دەکات.