ئەمریکا بەدوای هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێت

لە چوارچێوەی گەڕان بەدوای هاوپەیمانی نوێدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئۆزبەکستان، ئەمەش وێستگەی یەکەمی گەشتەکەی بۆ ئاسیای ناوەڕاست، هاوکات لەم گەشتەدا رۆبیۆ هەوڵدەدات پەیوەندییە بازرگانییەکان بەهێزبکات و رووبەڕووی کاریگەرییەکانی رووسیا و چین ببێتەوە.

یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتێکدا ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێران و بەردەوامیی جەنگی ئۆکرانیاوە سەرقاڵە و هیچ نیشانەیەک بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە دیار نییە، رۆبیۆ گەشتە دەرەکییەکانی چڕکردووەتەوە. ئەو بەرپرسە لەم دواییانەدا لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ـی تشرینی دووەم، سەردانی ئەوروپا و ئەمریکای لاتینی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆسیە هەستیارەکانی وەکوو ئێران، ئۆکرانیا و غەزە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر، نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڕێوەدەبرێن. رۆبیۆ بە سەرۆکایەتیی شاندێکی گەورە کە لە 200 سەرکردەی بازرگانی پێکهاتووە، گەیشتە ئۆزبەکستان.

شەوی شەممە پێش بەڕێکەوتنی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر پەیوەندییە گرنگەکەی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و سەردانەکەی بە ستراتیژی ناوبرد. فڕۆکەکەی رۆبیۆ کاتژمێر 19:20ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (14:20 بە کاتی گەردوون) لە سەرقەند نیشتەوە. ئەو شارە مێژووییە پێشتر وێستگەیەکی گرنگ بووە لەسەر رێگەی ئاوریشم. بڕیارە دووشەممە رۆبیۆ لەوێ بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیریی "سی 5+1" بکات، کە هەریەک لە کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان دەگرێتەوە. ترەمپ لە تشرینی دووەمی 2025 لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرکردەی ئەم پێنج وڵاتە کردبوو.

هەینی، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دەیەوێت هاوبەشییەکانی لە سەرانسەری ئاسیای ناوەڕاست بەهێزبکات، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا. سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، گوتی: "پلان بۆ ئەم گەشتە چەند مانگێکە دانراوە و دەرفەتێکی نایابە بۆ بەهێزکردنی بوونی ئەمریکا لە ناوچەیەکدا کە لە ئاستی جیهانیدا گرنگییەکی زۆری هەیە".

ئەو پێنج کۆمارەی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت هێشتا لە رێگەی تۆڕەکانی وزە، کۆچبەران و ئەمنی لەگەڵ مۆسکۆ بەستراونەتەوە، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیاوە کاریگەریی رووسیا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی چین تەواو بووە.

بەیژینگ هاوبەشی سەرەکیی بازرگانیی کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاستە. کۆمپانیا چینییەکان چاوەڕێی ژمارەیەک رێککەوتنی زیاترن لە کەرتی وزەدا، کە توانای دابینکردنی گازی سرووشتی لە تورکمانستان، یۆرانیۆم لە کازاخستان و کانزا دەگمەنەکان لە تاجیکستان بۆ فەراهەم دەکات. ئەمریکاش بەدەستهێنانی دڵنیایی لە دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەی خۆی کردووەتە دوو پایەی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەیدا.

دوای ئۆزبەکستان، رۆبیۆ بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت و سەردانی بۆمبای و جامناگار لە ویلایەتی گوجارات دەکات. ئەو دوو شارە وەک سەنتەری پیشەسازی و دوو بەندەری سەرەکی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەژمار دەکرێن. ئەمە دووەم سەردانی فەرمیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ هیندستان لەم ساڵدا، دوای ئەوەی لە ئایاردا سەردانی نیودەلهی و کالکوتای کردبوو، ئەمەش هەوڵەکانی واشنتن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە نیشان دەدات.

لە بارەی ئەو رێککەوتنەی چەند مانگێکە دانوستان لەسەری دەکرێت، بەرپرسە باڵاکە گوتی، هەردوو لا زۆر لێی نزیکن. هەردوو وڵات لە شوباتی رابردوودا گەیشتنە رێککەوتنێکی بازرگانیی کاتی کە ئامانجی کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکانی ئەمریکایە لەسەر بەرهەمە هیندییەکان. دوای چەند رۆژێک، دادگای باڵای ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە باجە گومرگییە گشتییەکانی کە لەلایەن ترەمپەوە سەپێنرابوون، هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ناڕوونی لەبارەی کاتی چوونی رێککەوتنەکە بۆ بواری جێبەجێکردن. لەو کاتەوە هەردوو وڵات لە دانوستاندان.

پەیوەندییەکان کاتێک گرژییان بەخۆوە بینی کە ترەمپ باجی 7%ـی بەسەر کاڵای هیندستانیدا سەپاند، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ کڕینی نەوتی رووسی لەلایەن نیودەلهییەوە، بەڵام دواتر ئەو باجانە هەڵوەشێنرانەوە. رۆبیۆ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بۆمبای و جامناگار، دیپلۆماسی و بازرگانی تێکەڵ دەکات و لەگەڵ سەرکردەی کۆمپانیا هیندییەکان کۆدەبێتەوە. ئەو بەتایبەتی پرسی پاڵاوگەیەکی نەوت لە ویلایەتی تێکساس تاوتوێ دەکات، کە گرووپی "ریلایێنس ئیندستریز" بە سەرۆکایەتیی ملیاردێری هیندی ئانانت ئەمبانی پلانی دارایی بۆ دابین دەکات.