عەبدوڵڵاهی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: بڕیاری هەڵە بدەن وێرانتان دەکەین
سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"، لە هۆشدارییەکی تونددا ئاراستەی سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد، رایگەیاند وڵاتەکەی چاوەڕوانی بڕیارە هەڵەکانی ئەوانە، و دووپاتیکردەوە، هەر هەڵەیەکی نوێی لێکدانەوە لە لایەن واشنتن و تەلئەڤیڤەوە، وەڵامێکی زۆر جیاوازتر و توندتری لە رابردوو بەدوادا دێت.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی عەبدوڵڵاهی، سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا" رایگەیاند، هەڕەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێبنەمان و گوتی: ئەو دروشمانەی دەیدەن، ئەگەر تواناتان هەبووایە تا ئێستا جێبەجێتان دەکرد، لە هەموو جەنگەکانی پێشوودا بە دروشمی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دابەشکردنی ئێران دەستتانپێکرد، کەچی ئەمڕۆ ئێوە خۆتان لە لێواری داڕماندان و ئێرانی بەهێزیش بە شێوەیەکی نەگۆڕ بەپێوە راوەستاوە.
فەرماندە سەربازییەکەی ئێران هێرشی کردە سەر دۆخی سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند: سەرۆکی ئەمریکا پیر بووە و توانای هەستانەوەی لە شوێنی خۆی نەماوە، کۆمەڵگەی ئەمریکی و دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانیش بە باشی لە لاوازییە بنەڕەتییەکانتان تێگەیشتوون. هاوکات هۆشدارییدا، واشنتن و تەلئەڤیڤ پێویستە بزانن کە هەڵەی داهاتوویان، وەڵامدانەوەیەکی زۆر سەختتر لە پێشووی لەگەڵ دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەلی عەبدوڵڵاهی رایگەیاند،، ئیرادەی رێبەری گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندان جار تاقیکراوەتەوە و تاقیکردنەوەی شتی تاقیکراوەش هەڵەیە، و لە کۆتاییدا گوتی: ئێمە چرکە دەژمێرین بۆ بڕیارە گەمژانەکانتان، و دەنگی نەڕەی داهاتوومان زۆر نزیکتر و وێرانکەرتر دەبێت و ناتوانرێت بەرپەرچ بدرێتەوە.