سەباح نوعمان: هیچ مەترسییەکی سەرهەڵدانەوەی داعش نییە

 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هونەریی هێزە ئەمنییەکان و پتەوکردنی تواناکانیان دەدات و جەختیکردەوە، ئێستا هیچ مەترسییەکی سەرهەڵدانەوەی داعش نییە. 

یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاند: "جڵەوی دەستپێشخەری بە دەستی هێزە ئەمنییەکانە و چەتەکانی داعش هیچ مەترسییەکیان نەماوە". نوعمان جەختیکردەوە هێزە ئەمنییەکان پێویستیان بە پسپۆڕیی هونەری هەیە و گوتی: "پشتمان بە بودجەی 2027 بەستووە بۆ تەواوکردنی پێداویستییە هونەرییەکان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق روونیکردەوە، دەزگای دژەتیرۆر دەستی بە هەنگاونان بۆ هاوشانیی پێشکەوتنەکان لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا کردووە، هەروەها فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڵێنیداوە دەزگای دژەتیرۆر بە فڕۆکە دابین بکات.

سەباح نوعمان جەختیکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئاسمانی پێشکەش دەکرد و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لەسەر زەوی بۆ شەڕکردن دژی چەتەکانی داعشی تیرۆریست ئامادەبوون. نوعمان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی عەزمی سەڵب لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام لە سووریا بەردەوامە.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکان، سەباح نوعمان گوتی: "کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوای لێکۆڵینەوە و شیکاریی فەرماندە سەربازییەکان هاتووە". جەختیکردەوە ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە ماوەی 2026 دژی تیرۆر کراون، عێراقی بوون.

 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق روونیکردەوە، شەڕە نوێیەکان زۆر پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەبەستن، دووپاتیشیکردەوە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان گرنگییەکی زۆری بە دۆسیەی چەکدارکردن داوە.

هاوکات ئاشکرایکرد، پلانی ستراتیژی بۆ نوێکردنەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی هەیە و فەرماندەی گشتی رێنمایی کردووە ماوەی نوێکردنەوەی ئەو سیستمانە کەم بکرێتەوە. هەروەها رایگەیاند، ئاراستەیەک بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکان هەیە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و پاشماوەکان، سەباح نوعمان گوتی: "هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە بیابانی کەربەلا نەبووە، بەڵکو هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە". سەبارەت بە تەقینەوەکەی بارەگای حەشدی شەعبیش جەختیکردەوە: "تەقینەوەکە ئامانجێکی دەرەکی نەبووە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە قۆناخی کۆتاییدان".

لە کۆتاییدا روونیکردەوە، سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو قایمکراون و 100%ـی ئەمینن. جەختیکردەوە دەزگا ئەمنییەکان توانای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیان هەیە.