حووسییەکان: سعوودیە لە 24 کاتژمێردا 110 هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووە
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان و هێزەکانی سعوودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 110 هێرشی ئاسمانی و مووشەکییان کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی یەمەن، و بەهۆیەوە زیاتر لە 30 کەس کوژراون و بریندار بوون.
یەکشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان روونیکردەوە، هێرشەکان پێگە و ناوچەی مەدەنییان لە سەنعای پایتەخت و هەریەک لە پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز، عەمران، حەجە، سەعدە، جەوف، زالیع و مەئریب پێکاوە. رایگەیاند، بۆردومانەکان لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "F-15" و "تایفۆن" کراون لە بنکە ئاسمانییەکانی خەمیس موشەیت و تائیفەوە فڕیون، هاوکات لەگەڵ ئاراستەکردنی چەندان مووشەک لە دیوی نەجرانەوە.
یەحیا سەریع رایگەیاند، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیاتر لە 30 کوژراو و بریندار کە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن. هەروەها ئاشکرایکرد، لە سەرەتای پەرەسەندنی ئەم قۆناخەی شەڕەوە، کۆی گشتیی بۆردومانە ئاسمانی و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر خاکی یەمەن گەیشتووەتە دوو هەزار و 652 هێرش.
شەپۆلی نوێی گرژی و پێکدادانەکانی نێوان هاوپەیمانێتی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە و حووسییەکان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە رووی لە هەڵکشان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە دەستپێکردنی "ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان"ی دژی تواناکانی ئەو گرووپە راگەیاند، هاوتەریب بوو لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانە و دامەزراوە جیاوازەکانی ناو خاکی سعوودیە.