کەرکووک.. هاووڵاتییان گازندەیان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت هەیە
لە شاری کەرکووک پرۆسەی دابەشکردنی 100 لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەستیپێکرد، بەڵام شێواز و رێکارە تەکنیکییەکانی پرۆسەکە ناڕەزایەتی و گازندەی بەشێک لە هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری کەرکووک دابەشکردنی بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێک لە رێگەی سیستم و کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەستیپێکرد، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم رێکارە نوێیانە گرفت و ئاستەنگی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دروستکردووە و هاووڵاتییان شێوازە کۆنەکەی دابەشکردنیان لا باشترە کە لە رێگەی کۆبۆنەوە بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پەیوەستە بەو هاووڵاتییانەی کە ناسنامەکانیان لەسەر هەرێمی کوردستانە بەڵام لە کەرکووک نیشتەجێن، یان ئەوانەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لەدایکبوونە و ناسنامەی شارستانییان لەوێ دەرچووە، بەڵام فۆرمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبوونیان لە کەرکووکە؛ جێبەجێکردنی ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکە داواکاری ئەم توێژە قبوڵ ناکات و لە وەرگرتنی بەشە نەوتی خۆیان بێبەش دەبن.
لە لایەکی دیکەوە، سیستمی کارکردنی بارکۆدەکە پشت بە هێڵی ئینتەرنێت دەبەستێت، بەمەش ئەو هاووڵاتییانەی لە کاتی سەردانیکردنی وێستگەکاندا ئینتەرنێتیان بەردەست نییە، ناتوانن بارکۆدەکە بە کارمەندانی وێستگەکە نیشان بدەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی دابەشکردنەکەدا.
ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەمـەوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان لە سنووری کەرکووک دەستپێدەکات و ئەمساڵیش پرۆسەکە بە سیستمی دیجیتاڵی بەڕێوە دەچێت. لەوبارەیەوە هەفتەی رابردوو دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24 ـی راگەیاند، سەرەتا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شار دەستپێدەکات و دواتر شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکانیش دابەشکردنەکە دەگرێتەوە. هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە ئاوارەکانی کەرکووک، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە نیشتەجێن، لە پرۆسەی وەرگرتنی نەوت بێبەش ناکرێن و هاوشێوەی دانیشتووانی ناوخۆی کەرکووک، هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت.