قوتابییانی خورماڵ بەناچاری روو لە گوندەکان دەکەن

قوتابییانی سنووری خورماڵ بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی پێویست، بۆ درێژەدان بە خوێندن روو لە گوندەکانی دەوروبەر دەکەن، ئەمەش دۆخێکی پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

لە خورماڵ تەنیا قوتابخانەیەکی بنەڕەتی بەناوی قەڵا هەیە کە تەنیا قوتابییانی پۆلەکانی حەوت بۆ نۆ لەخۆ دەگرێت. ئەم کەمییە بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر و خێزانەکان ناچارن بۆ خوێندنی منداڵەکانیان پەنا بۆ قوتابخانەکانی گوندەکان بەرن.

سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، قوتابخانەکانی قەڵا و دێکۆن بەهۆی زۆریی قوتابییانەوە قەرەباڵغییەکی زۆریان تێدا دروست بووە و بەهۆی نەبوونی میلاکەوە نەیانتوانیوە سیستمی دوو دەوامی پەیڕەو بکەن.

عومەر ئاشکرایکرد، بەشێک لە قوتابخانەکانی دەوروبەری خورماڵ ئاگادار کراونەتەوە کە ژمارەیەک لە قوتابییەکان وەربگرن. بەشێکی زۆری قوتابییەکانیش بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچنە قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە ئەحمەدئاوا.

سەبارەت بە نیگەرانیی خێزانەکان لەبارەی بارگرانی کرێی هاتوچۆ و دووری رێگاکە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە روونیکردەوە، ئەحمەدئاوا تەنیا دوو کیلۆمەتر لە خورماڵ دوورە و پەروەردە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو قوتابیانە دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆرینەی ئەو قوتابییانەی لە خورماڵەوە روو لە ئەحمەدئاوا دەکەن، قوتابییانی پۆلی حەوتن و چەند قوتابییەکی پۆلی هەشتیشیان لەگەڵدایە.

لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە، کۆی گشتی 146 قوتابخانە هەن کە لە باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12ـی ئامادەیی لەخۆ دەگرن و نزیکەی 27 هەزار قوتابی تێیاندا دەخوێنن.