هەولێر.. نرخی بەنزین دادەبەزێت

لەگەڵ دابەزینی نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە بۆرسەدا، بەرپرسی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەریش دادەبەزن، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی نرخە نوێیەکان.

نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە بۆرسەدا رووی لە دابەزین کردووە و بووەتە 1020 دینار، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ کەمبوونەوەی نرخەکان لە بەنزینخانەکانی شارەکەدا.

لەم بارەیەوە، سالار محەمەد، بەرپرسی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی زۆر هەرزان بووە و ئێستا لیتری بەنزینی نۆرماڵ لە بۆرسە بووەتە 1020 دینار و رەنگە لە بەنزینخانەکان ببێتە 1100 دینار."

سەبارەت بە بەنزینی موحەسەن و سوپەر، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، مادام نرخی بەنزینی نۆرماڵ دابەزیوە، بەدڵنیاییەوە نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەریش دادەبەزن، چونکە ئەو دوو جۆرە بەنزینە لە بەنزینی نۆرماڵ دروست دەکرێن، و رەنگە لە ماوەی دوو سێ رۆژی داهاتوودا نرخەکانیان دابەزن.

لای خۆیەوە، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی نرخەکان دیاری بکرێن و لە ماوەیەکی نزیکدا دابەزینی نرخی بەنزینی سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ رادەگەیەنن.

شایەنی باسە، پێشتر لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەولێر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 1375 دینار دەفرۆشرا.