سایلۆی سلێمانی پارەی گەنمی ئەمساڵ دابەشدەکات
سایلۆی سلێمانی وادەی دابەشکردنی چەکی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2026 رادەگەیەنێت، هاوکات چەند مەرجێکیش بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە دیاری دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سایلۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاگاداری ئەو جووتیارانەی کردەوە کە ئەمساڵ گەنمیان رادەست کردووە، سبەی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
لە راگەیەنراوەکەدا سایلۆی سلێمانی رایگەیاند، دابەشکردنی چەکی پارەکە تەنیا ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە ژمارەی پسوولەیان تاوەکو 81ـە.
سەبارەت بە رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە، سایلۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، پێویستە ئەو کەسەی گەنمەکەی بە ناوەوە رادەست کراوە، خۆی ئامادە بێت و کارتی نیشتمانیی پێ بێت، یانیش ئەو کەسەی لە بری ئەو ئامادە دەبێت، بریکارنامەی فەرمانگەی دادنووسی پێ بێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا داوا لەو جووتیارانە کراوە کە ساڵی 2025 گەنمیان رادەست کردووە و تاوەکو ئێستا بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان نەچوون، سەردانی سایلۆ نەکەن تاوەکو قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی پارەی ئەمساڵ کۆتایی دێت.
ئەم ساڵ رۆژی 12ـی حوەزەیران، دەرگای سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە؛ حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنێکی بە 700 هەزار دینارە (کە دەکاتە نزیکەی 200 ملیار دینار)؛ هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیراوە کە تۆنێکی بە 500 هەزار دینارە و بەهاکەی نزیکەی 54 ملیار دینارە.