فیلمی 'بێ ئاماژە' لە میسر خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەستهێنا

کورتەفیلمی "بێ ئاماژە"، لە نووسین و دەرهێنانی هێڤار عومەرە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "نەوەی ئێمە"، لە قاهیرەی وڵاتی میسر بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی بەدەستهێنا.

دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، هێڤار عومەر، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فێستیڤاڵی فیلمی "نەوەی ئێمە"، یەکێکە لە رووداوە سینەماییەکان کە فیلمە بەشداربووەکان لە وڵاتانی جیاوازەوە کۆدەکاتەوە و دەرفەت بۆ پیشاندانی بەرهەمەکانیان و ناساندنی توانای فیلمسازان دەڕەخسێنێت. فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی 197 فیلم لە 15 وڵاتەوە، بەڕێوەچوو و توانیمان خەڵاتی باشترین کورتەفیلم بەدەستبهێنین."

هێڤار سەبارەت بە کورتەفیلمەکە گوتی، "کورتەفیلمی "بێ ئاماژە"، چوارەمین کورتەفیلمی منە، ماوەی فیلمەکە 12 خولەکە و بە مۆبایل تۆمار کراوە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات بەرهەمهێنانی فیلم تەنیا پەیوەست بە کەرەستە و تەکنیکی پێشکەوتوو نییە، بەڵکو بیرۆکە و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکیش رۆڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی بەرهەمە فیلمییەکاندا دەگێڕن."

سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە، هێڤار عومەر دەڵێت، "چیرۆکی کورتەفیلمەکە لە شارێکدا روودەدات کە باڵەخانەکان بەردەوام بەرزتر دەبنەوە و بیناسازییەکان رووخساری شار دەگۆڕن. لە ناو ئەم گۆڕانکارییەدا، کەسێکی بەتەمەن هەوڵ دەدات گوڵەکانی خۆی لە تیشکی خۆردا بپارێزێت و پەرەیان پێبدات، بەڵام باڵەخانە بەرزەکان رێگە لە گەیشتنی تیشکی خۆر بە شوێنی ژیانی ئەو دەگرن."

ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم کێشەیە دەبێتە خاڵی دەستپێکی رووداوەکانی فیلمەکە؛ کەسە بەتەمەنەکە لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵ، بە تایبەتی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، هەوڵ دەدەن تیشکی خۆر بگەیەننە شوقەکەی. بەڵام لە رێگەی ئەم هەوڵەدا، رووداو و کێشەی جۆراوجۆر دروست دەبن و چیرۆکەکە ئاراستەیەکی جیاواز وەردەگرێت."

کورتەفیلمی "بێ ئاماژە"، لە نووسین و دەرهێنانی هێڤار عومەرە و بیرۆکەی سەرەتایی فیلمەکە لەلایەن یەحیا یەزدانی پوورەوە خراوەتەروو، حوسێن دۆسکی رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕێت و لە پاڵ ئەکتەرەکاندا، ئەکتەرێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە نەخۆشیی داونی هەیە، لەگەڵ سێ منداڵی دیکە بەشداریی لە فیلمەکەدا دەکەن. ئاریانیش کاری وێنەگرتنی ئەنجام داوە.