محەمەد موخبیر: سازش لەسەر گەرووی هورمز ناکەین
راوێژکار و یاریدەدەری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل بەبێ پشتیوانیی راستەوخۆی ئەمریکا توانای هەنگاوێکی هیچ هەنگاوێکی نییە، هاوکات دژایەتیی توندی خۆی بۆ هەر سازشێک لەسەر پرسی گەرووی هورمز نیشان دا و بە پەیماننامەی "تورکمانچای"ی مێژوویی بەراوردی کرد.
دووشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد موخبیر، راوێژکار و یاریدەدەری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: ئەو باوەڕەی کە گوایە ئیسرائیل سەربەخۆیە تەنیا گاڵتەجاڕییە، ئەوان سەرەڕای هەموو پروپاگەندەکانیان، بەبێ واشنتن لە توانایاندا نییە هیچ بکەن. موخبیر رایگەیاند، ئەوروپا هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و هێزەکانی دیکەش لە پاڵ ئەمریکادا چوونەتە نێو جەنگەوە دژی تاران، هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئەوروپا خراونەتە خزمەت هەمان رووبەڕووبوونەوە.
سەبارەت بە ئەنجامەکانی جەنگیش، محەمەد موخبیر روونیکردەوە، بەشێکی زۆر لە ئامانجەکانی جەنگ دژی وڵاتەکە بەدینەهاتوون. لە لایەکی دیکەشەوە دەربارەی مێژووی سەربازیی وڵاتەکە گوتی: ئەو وتەیەی دەڵێت ئێران لە هیچ شەڕێکدا نەبەزیوە هەڵەیە، ئێران لە سەرجەم جەنگەکانی پێشوودا شکستی هێناوە، تەنیا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئێستادا نەبێت.
لە بارەی گەرووی هورمزیشەوە، راوێژکارەکەی رێبەری ئێران هۆشداریی دا لە هەر پاشەکشەیەک و رایگەیاند: هەندێک دەڵێن با دەستبەرداری گەرووی هورمز بین بۆ ئەوەی بەشەکانی دیکەی وڵات لەدەستنەدەین، بەڵام رێک بە هەمان لۆژیک لە رابردوودا پەیماننامەی تورکمانچای واژۆ کرا و بەشێک لە خاکی وڵات لەدەستچوو.
ئەم لێدوانانەی محەمەد موخبیر، لە کاتێکدان کە شەوی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە درەنگ یا زوو ئامانجەکانیان لە دژی ئێران بەدی دەهێنن و جەختی لە رووخاندنی دەسەڵاتی تاران کردەوە.
هاوکات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، پێشنیازی نوێکراوەی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز هێشتا لەسەر مێزە و مەرجەکانی تاران بە لۆژیکی دەزانێت. شایانی باسە، لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەرووی هورمز پەکی کەوتووە و هێزە دەریایییەکانی ئەمریکاش گەمارۆیەکی توندیان خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەڕاندنەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دوای داڕمانی رێککەوتنی ئیسلامئاباد تا ئێستا بێئاکام ماونەتەوە.