ئانۆ جەوهەر: وەزیری کۆچ و کۆچبەران پشکی هاوپەیمانی سۆیانایە
سکرتێری هاوپەیمانی مەسیحییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆک بارزانی هەمیشە پارێزەری مافی مەسیحییەکان بووە، گوتیشی، ئەگەر عەلی زەیدی پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران نەدات بە هاوپەیمانی سۆیانا، ئەوە پێشکارییان بەرامبەر بە دەستوور ئەنجامداوە.
دووشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئانۆ جەوهەر، سکرتێری هاوپەیمانی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، لە کاتێکدا پشتیوانی هەوڵەکانی حکوومەت دەکەین بۆ زیندووکردنەوەی کارەکانی دامەزراوە حکوومییەکان، بەڵام جەختدەکەینەوە، پێویستە نوێنەرایەتی مەسیحییەکان لە حکوومەتی نوێدا، بە پێدانی پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران و بە مەسیحییەکان یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ئەمە ماف و شایستەی یاسایی مەسیحییەکانە کە بە دەنگی هاووڵاتییان بەدی هاتووە، بۆیە دەبێت ئیرادەی هیچ لایەنێک بە سەر مەسیحییەکاندا نەسەپێندرێت و رێز لە دەنگی دەنگدەرانیش بگیرێت.
هاوکات گوتیشی، پێویستە ئەو پۆستە بدرێت بە فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق، چونکە زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە، لە کۆی 5 کورسی کۆتای مەسیحییەکان 3 کورسی بردووەتەوە، بۆیە دەبێت رێز لەو لایەنە بگیرێت، چونکە ئەمە پڕۆسەیەکی یاسایی و پابەندبوونە بە دەستوور، بە پێچەوانەوە بە رێککەوتنی سیاسی و کەسی، پرسەکە تەواو نایاسایی دەبێت و لە هەمان کاتیشدا پێشێلکردنی دەستوورە.
ئانۆ جەوهەر گوتیشی، هاوپەیمانێتی مەسیحی پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی و حکوومەتەکەی دەکات بۆ دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکی مەسیحی لە فراکسیۆنی سۆیانا بۆ بوون بە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، راشیگەیاند، مەسیحییەکان لە عێراق پێکهاتەیەکی رەسەنی وڵاتەکەن و دەبێت وەکو هەر نەتەوە و پێکهاتەیەکی دیکە، ماف و شایستەیان پێبدرێت، هاوکات جەختیکردەوە، هەر هەوڵێک بۆ قۆرخکاری و پێشێلکردنی مافەکانیان رەت دەکەنەوە لە لایەن هەر لایەن و کەسایەتییەک بە تایبەت کەسانێک وەکو بێلایەن خۆیان دەناسێنن، بەڵام سەر بە لایەنێکی سیاسی بوونە و ئێستا دەیانەوێت وەکو بێلایەن مافی مەسیحییەکان لە حکوومەتی نوێدا زەوت بکەن و قۆرخکاریی بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئانۆ جەوهەر گوتی، وەکو هاوپەیمانی مەسیحییەکان، سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ سەرۆک بارزانی، چونکە هەمیشە وەکو هەر هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە مافی مەسیحییەکانی دەستەبەرکردووە و دژی هەر هەوڵێک وەستاوەتەوە کە بۆ سەر ئاسیش و ئارامی ژیان و قۆرخکردنی شایستەییەکانی مەسیحییەکان هەبووبێت، جەختیشیکردەوە، ئەم هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی بۆ مێژوو هەمیشە لە بیری تاک بە تاکی مەسیحییەکان دەمێنێتەوە و هەرگیز لە بیری ناکەن.