عاسم مونیر سەردانی تاران دەکات
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، فەرماندەی سوپای پاکستان، سەردانی تاران دەکات و بابەتی نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەکات.
دووشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە هەواڵێکی بڵاویکردەوە، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان سبەی سێشەممە بە سەردانێکی فەرمی بە مەبەستی کۆبوونەوە و راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگاتە تاران.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، بڕیارە لە میانی ئەم سەردانەدا، جگە لە تاوتوێکردنی برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە گرنگەکانی نێوان هەردوو وڵات، دۆخی هەستیاری ناوچەکە و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانیش تاوتوێ بکرێن.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کارنامەی سەردانەکەی مونیر بۆ تاران، تاوتوێکردنی رۆڵی پاکستانە وەک نێوەندگیر لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.