ئێران هێرشێکی واشنتنی بۆ سەر بنکەی کۆنارەک راگەیاند و ئەمریکاش رەتیدەکاتەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بنکەی دەریاییی "کۆنارەک"ی سەر بە سوپای ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، رووبەڕووی هێرشێکی ئەمریکی بووەتەوە، لە بەرامبەریشدا بەرپرسێکی باڵای واشنتن ئەو دەنگۆیانەی بە تەواوی رەتکردەوە.

دووشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا، هێزەکانی ئەمریکا دوو مووشەکیان ئاراستەی بنکەی کۆنارەک کردووە و بەهۆیەوە دوو سەربازی ئێرانی بریندار بوون، هاوکات هەندێک سەرچاوەی دیکەش رایانگەیاند، ئەو دوو سەربازە گیانیانلەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "گوویا نیوز"ی ئێرانی روونیکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریاییی ئەمریکا لە وەڵامی هەوڵێکی هێزەکانی ئێران بۆ لێدانی کەشتییەکی جەنگیی وێرانکەری ئەمریکی لە جۆری "ئارلی بێرک" لە باکووری دەریای عەرەب، پێگەکانی هێزی دەریاییی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە "کۆنارەک" کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی سەرچاوەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "ئێف-18 سوپەر هۆرنێت" کە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش" فڕیون هێرشەکەیان ئەنجامداوە و ئەگەری لێدانی گورزی دیکەش هەیە.

لە بەرامبەر ئەم زانیارییانەدا، بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی "CNN" سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەر بنکەی دەریاییی کۆنارەکی ئێران.

 بنکەی دەریاییی "کۆنارەک" دەکەوێتە پێگەیەکی کەناراویی ستراتیژی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەسەر دەریای عومان و بنکە و دامەزراوەی گرنگی هێزی دەریاییی سوپای ئێران لەخۆدەگرێت.