سەعد مەعن: هەر کەسێک بانگەشەی هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت بکات سزا دەدرێت

شانەی راگەیاندنی ئەمنی، چاودێرییەکی وردی ئەمنیی بۆ ئەو بانگەوازانە دەستپێکردووە، هەوڵی رێگریکردن لە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق بۆ پرۆسەی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا دەدەن و جەختیکردەوە، بەپێی یاسا بەدواداچوون بۆ سەرجەم هاندەران دەکرێت و دوای سەلماندن سزای یاسایی دەدرێن. 

دووشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەعد مەعن، گوتەبێژی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، چەندان حاڵەتی هاندانی میدیایی و بانگەواز بۆ رێگریکردن لە بڕیارەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک تۆمارکراون. هاوکات روونیکردەوە، جووڵەی یاسایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بانگەوازانە و بەدواداچوون بۆ هاندەران بەپێی رێکارە دادوەرییەکان دەستیپێکردووە و جەختیکردەوە، یاسا بەبێ جیاوازی و بەدەر لە هەر ئینتیمایەکی سیاسی، حیزبی یان نەتەوەیی بەسەر سەرجەم سەرپێچیکاراندا جێبەجێ دەکرێت.

 گوتەبێژی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتی: "دەزگا ئەمنییەکان لە رێگەی بەشە پسپۆڕییەکانی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆ، چەند حاڵەتێکی هاندان و بانگەواز بۆ رێگریکردن لە بڕیارەکانی حەسرکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا چاودێرییان کردووە". هەروەها رایگەیاند، ئەو حاڵەتانە لەژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەدان و هیچ جووڵەیەک بەرامبەریان ناکرێت، مەگەر بە رەزامەندیی دادگا و لە چوارچێوەی رێکارە یاساییە پەسەندکراوەکاندا نەبێت.

سەعد مەعن رایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەک کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وتاری تائیفی، ئیتنی، رەگەزی و ئەو وتارانەی بانگەواز بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن. روونیکردەوە، لیژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بە سەرپەرشتیی دەسەڵاتی دادوەری کارەکانی دەستپێکردووە.

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی ئەوەشی خستەڕوو، رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ هاندەرانی تووندوتیژی و پشتیوانانی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی بەردەوامی عێراقدایە، بەتایبەتی لە سایەی بارودۆخی شێواوی ناوچەکە و جیهاندا. مەعن رایگەیاند، ئاسایش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ عێراق و مافی دەوڵەت و حکوومەتە رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ پاراستنی بگرنەبەر.

 هاوکات جەختیکردەوە، ئازادیی رادەربڕین و کاری میدیایی مافێکی دەستوورییە و مسۆگەر کراوە، بەڵام جێبەجێکردنی دەبێت لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا بێت و نابێت ببێتە هۆی پشێوی یان نانەوەی کێشە. جەختیکردەوە، حکوومەت لەگەڵ هیچ لایەنێکدا دوژمنایەتی نییە، بەڵکو کار بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییان دەکات و بەرژەوەندیی ئەوان دەخاتە پلەی یەکەم.

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "بەیاننامەی حکوومەت جەختی لە بەرپرسیارێتیی دەوڵەت بۆ پاراستنی ئاسایش کردووەتەوە، نەک کۆتوبەندکردنی کۆمەڵگە، هەروەها جەختی لە حەسرکردنی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بەدوور لە ململانێ سیاسییەکان کردووەتەوە". هەروەها پێویستیی جیاکردنەوەی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و هاندان و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموواندا دووپاتیکردەوە.

سەبارەت بەو پێوەرانەی بۆ جیاکردنەوەی نێوان ئازادیی رادەربڕین و هاندانی میدیایی دانراون، گوتەبێژی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق روونیکردەوە، بەرپرسیارێتیی سزایی لە تاوانەکانی بڵاوکردنەوەدا بەپێی ئەو دەقە یاساییانە دیاری دەکرێت بەسەر رووداوەکەدا جێبەجێ دەبن. رایگەیاند، رێکارە یاساییەکان لەسەر بنەمای جێبەجێبوونی دەقە سزاییەکان بەسەر کارەکاندا دەبێت و ناکرێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەریدا ئەنجام بدرێن.

 رایگەیاند، یاسادانانی عێراقی ماددەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی هاندان لەخۆدەگرێت، لەوانە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها یاسای قەدەغەکردنی حیزبی بەعس و قەوارە و حیزب و چالاکییە رەگەزپەرست و تیرۆریستی و تەکفیرییەکان ژمارە 32ـی ساڵی 2016، بەتایبەتی ماددەی دەیەم کە سزای بۆ کردەوەکانی هاندان دیاری کردووە.

سەعد مەعن گوتیشی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری جەختیکردەوە بەکارهێنانی چەک یان پشتیوانیکردنی یان بانگەشەکردن بۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکەوێتە ژێر باری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. جەختیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان وەک لایەنی جێبەجێکار کاردەکەن و دەبێت هەموو رێکارەکان لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە بن.

سەبارەت بە گرتنەوەی سەرجەم لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هاندان بۆ تووندوتیژی، دووپاتیکردەوە، یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێت بەبێ سەیری پاشخانی حیزبی یان ئیتنی یان نەتەوەیی و مامەڵەکردن لەسەر بنەمای سەرپێچیی یاسایی دەبێت.

حکوومەتی عێراق جەخت لە پابەندبوونی سەرجەم دامەزراوەکانی بە جێبەجێکردنی یاسا و تۆمارکردنی سکاڵای سزایی دژی هەرکەسێک بەشداری یان هاوکاری لە هاندانی میدیایی یان رێگریکردن لە بڕیارەکانی دەوڵەت بۆ حەسرکردنی چەک دەکاتەوە. هاوکات نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، رێکارەکان پشتیان بە ماددەکانی 2 و 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ـی ساڵی 2005 و هەروەها بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 و هەموارکراوەکانی بەستووە، بەتایبەتی ماددەی 195 پەیوەندی بە هاندان بۆ چەکداربوون و شەڕی ناوخۆیی هەیە، لەگەڵ ماددەکانی 81 و 82 و 83ـی تایبەت بە بەرپرسیارێتیی تاوانکاری لە تاوانەکانی بڵاوکردنەوەدا.