ئانۆ جەوهەر: لە عێراق شەڕی ماف دەکەین نەک پۆست

سکرتێری هاوپەیمانیی مەسیحی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، داواکاریی کریستیانەکان لە بەغدا ململانێ نییە لەسەر بەدەستهێنانی پۆست و پلەوپایە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتەی مەسیحی لە کایەی بڕیاری سیاسیی عێراقدا.

سێشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئانۆ جەوهەر، سکرتێری هاوپەیمانی مەسیحی، لە میانی بەشداریکردنی لە باسی رۆژ، لە کوردستان24 ، سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی فیدراڵ، روونیکردەوە، فراکسیۆنی سۆیانا خاوەنی سێ کورسییە لە کۆی پێنج کورسیی کۆتای مەسیحییەکان لە پەرلەمانی عێراق و هاوکات پێنج پەرلەمانتار لە کۆی نۆ نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکان پشتیوانییان لێ دەکەن، هەربۆیە مافی رەوای ئەم فراکسیۆنەیە پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی پێبدرێت. گوتیشی: ئەگەر لایەنەکان لەسەر کاندیدی سۆیانا رێکنەکەون، ئەوا پێویستە سەرۆکوەزیران کەسایەتییەکی لێهاتوو، بێلایەن و مەسیحی دەستنیشان بکات کە رەزامەندیی زۆرینەی پێکهاتەکەی لەسەر بێت، نەک کاندیدێک بەسەر کریستیانەکاندا بسەپێندرێت.

هاوکات رەخنەی توندی لە دۆخی دەشتی نەینەوا گرت و رایگەیاند، هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و دەستێوەردانی دەرەکی کرد کە بە بەکارهێنانی چەک، پارە و کردنەوەی نووسینگەی ئابووری هەوڵی پەراوێزخستنی کاندید و نوێنەرانی راستەقینەی مەسیحییان داوە و رێگر بوون لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری هاوپەیمانیی مەسیحی داوای هەموارکردنەوە و چاکسازیی لە سیستەمی کۆتای هەڵبژاردنەکاندا کرد و جەختیکردەوە، دەبێت تۆمارێکی تایبەتی دەنگدەران بۆ مەسیحییەکان و پێکهاتەکان دروست بکرێت، تاوەکو تەنیا دەنگدەرانی کریستیان دەنگ بە کاندیدانی کۆتا بدەن، بەمەش رێگری لە دەستێوەردانی حیزبە گەورەکان و گرووپە چەکدارەکان دەکرێت کە ئیرادەی پێکهاتەکان بە دەنگی دەرەکی دەشێوێنن.

دەربارەی بەراوردی رەوشی کریستیانەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 80% بۆ 90%ـی مەسیحییەکانی عێراق ئێستا روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لەوێ دەژین، ئەمەش بەهۆی ئەو ژینگە ئارام و فەرهەنگی پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمدا فەراهەم کراوە. هاوکات رۆڵی مێژوویی سەرۆک مەسعود بارزانی و رێبازی بارزانی بەرز نرخاند لە پاراستنی ماف و ئازادییەکانی سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.