تەکیەی شاهەیاس شوێنێکی پیرۆزی باوەڕدارانی یارسانە
تەکیەی شاهەیاس لە ناوچەی دینەوەری پارێزگای کرماشان یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی بەشێک لە باوەڕمەندانی ئایینی یارسان کە مەزارگەی چەندین کەسایەتیی پیرۆزی ئەو ئایینەی لێیە. ئاغا عەباس، دامەزرێنەری ئەم تەکیەیە کە نزیک 400 ساڵ لەمەوبەر لە باشووری کوردستانەوە بە یاوەریی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی هۆزی نانەکەلی ڕووی لە ناوچەی دینەوەر کردووە و ئەم تەکیەی دامەزراندووە. تەکیەی شاهەیاس لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند ناوچەیەکی ئێران و هیندستان، مرید و پەیڕەوانی هەیە.
گوندی جوناوا لە ناحیەی دینەوەر سەر به قەزای سەهەنەی پارێزگای کرماشان، یەکێکە لە شوێنە گرنگەکانی ئایینی یارسان. ئەم گوندە بەهۆی بوونی تەکیەی شاهەیاس و مەزاری چەند کەسایەتیی گرنگی ئایینی یارسان، شوێنێکی تایبەتی لە نێو بەشێک لە باوەڕمەندانی ئەم ئایینەدا هەیە.
له ئایینی یارساندا یانزه بنەماڵەی خانەدان و پیرۆز هەن کە سەرۆکایەتیی مەعنەویی لقە جیاوازەکانی ئەم ئایینە دەکەن. بنەماڵەی شاهەیاس دوایین بنەماڵە و وەک دەگوترێت خاتەمی ئایینی یارسانن.
ئاغا عەباس کە دامەزرێنەری ئەم تەکیە و یەکەمین سەیدی ئەم بنەماڵەیەیە، لە نانەکەلییەکانی باشووری کوردستان بووە کە نزیک چوار سەدە لەمەوبەر بەرەو ناوچەی دینەوەر کۆچی کردووە.
رامین فەخری باوەڕمەندی یارسان بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لە تەکیەکەدا، جگە لە ئاغا عەباس چەندین کەسایەتیی دیکەی بنەماڵەی شاهەیاسیش نێژراون. یەکێک له مەزارەکان مەزاری کناچێ پەری کچی ئاغا عەباسه و لەسەر بەردی مەزارەکەی نووسراوه 1125ی کۆچی هەتاوی واتا نزیک سێ سەدە لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووه. لە ناو مەزارگەکە کانییەک هەیە کە باوەڕمەندانی ئەم تەکیەیە پێیان وایە شیفابەخشە و چەندین نەخۆشی و لەوانەش بەردی گورچیلە چارەسەر دەکات.
سەید مەلەک دەکەیی باوەڕمەندی یارسان دەڵێت؛ دارچنارێکیش لە ناو حەوشەی تەکیەکە هەیە کە وەک دەڵێن ئاغاعەباس خۆی چاندوویەتی و تەمەنی دارەکه بەقەد تەمەنی تەکیەکەیه. ئەم دارە لە لای باوەڕمەندانی تەکیەکە پیرۆزە و چەندین سەدەیە خزمەتی دەکرێت و دەپارێزرێت.
موریدان و باوەڕمەندانی تەکیەی شاهەیاس زۆرتر له دینەوەر و کەنگاوەری کرماشان دەژین. هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک قەزوێن، هەمەدان و تەورێز و کەرکووکی باشووری کوردستان و بە تایبەت لە نێو هۆزی نانەکەلیدا و لە وڵاتی هیندوستانیش، باوەڕمەندێکی زۆری هەیە.