ئەمڕۆ گوژمەی یەکەمی پارەی ئەمساڵی جووتیارانی سلێمانی دابەش دەکرێت

بەغدا تەنیا گوژمەی یەکەمی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، لەم بڕەشدا پشکی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دابەش کراوە و ئەمڕۆش لە پارێزگای سلێمانی دابەش دابەش دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تا ئێستا حکوومەتی عێراق، 15 ملیار و 245 ملیۆن دیناری، لە کۆی گشتیی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە.

ئەو بەڕێوەبەرە ئاشکرای کرد، ئەم بڕە پارەیە وەک گوژمەی یەکەم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە رەوانە کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا پارەی زیاتر بنێردرێت و، کاتێک گەیشت دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی گوژمەی یەکەمی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی سلێمانی کرا، کە بڕەکەی دەگاتە پێنج ملیار و 435 ملیۆن دینار.

لەبارەی مەرجەکانی پێدانی چەکی پارەکە بە جووتیارانی سلێمانی، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە دا، دابەشکردنەکە تەنیا ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە ژمارەی پسوولەیان تاوەکوو 81ـە. هەروەها پێویستە ئەو کەسەی گەنمەکەی بە ناوەوە رادەست کراوە، خۆی ئامادە بێت و کارتی نیشتمانیی پێ بێت، یانیش ئەو کەسەی لە بری ئەو ئامادە دەبێت، بریکارنامەی فەرمانگەی دادنووسی پێ بێت.

بۆ پشکی پارێزگاکانی دیکەش، نەوزاد شێخ کامیل باسی لەوە کرد، لە هەفتەی رابردووەوە گوژمەی یەکەمی پارەکە لە هەولێر و دهۆک دەستی پێکردووە. روونیشی کردەوە، بۆ جووتیارانی هەولێر بڕی پێنج ملیار و 30 ملیۆن دینار و بۆ جووتیارانی دهۆکیش چوار ملیار و 780 ملیۆن دینار خەرج کراوە.

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ساڵانە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی، بەشێک لە گەنمی جووتیارانی ناوخۆ و هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو وەردەگرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ساڵانە پشکێک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری دەکات. 

دوای ئەوەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان دەکەن، حکوومەتی فیدراڵی بە چەند گوژمەیەک پارەی گەنمەکە بۆ وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. هەرچەندە زۆرجار ناردنی ئەم شایستە داراییانە تووشی دواکەوتن دەبێت یان بە شێوەی پچڕپچڕ دەگات، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دوای گەیشتنی هەر گوژمەیەک، پڕۆسەی دابەشکردنی بەسەر جووتیارانی پارێزگاکاندا دەست پێدەکات.

ئەم ساڵ رۆژی 12ـی حوەزەیران، دەرگای سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە؛ حکومەتی عێراق نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنێکی بە 700 هەزار دینارە (کە دەکاتە نزیکەی 200 ملیار دینار)؛ هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیراوە کە تۆنێکی بە 500 هەزار دینارە و بەهاکەی نزیکەی 54 ملیار دینارە.