حکوومەتی هەرێم مامەڵەکردن بەدراوی دیجیتاڵی قەدەخە کرد
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنیی ناسراو بە فۆڕێکس قەدەخە بکات. ئەو بڕیارە ئاراستەی گشت کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کراوە تا دەستبەجێ جێبەجێی بکەن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە، کە واژووی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی لەسەرە، داوا لەو کۆمپانیایانە کراوە گشت ئەو پلاتفۆرمانە بلۆک بکەن کە کاری ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی و دراوی دیجیتاڵی دەکەن. بڕیارەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقدایە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پاڵپشت بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەرچووە، بە مەبەستی رێگریکردن لە مامەڵەکانی کۆمپانیاکانی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان.
9ـی ئەم مانگە، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکی فەرمیدا، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد دەستبەجێ سەرجەم کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی دابخات. هاوکات جەخت لە قەدەخەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان کراوەتەوە تا رێگری لە بازرگانیی نایاسایی بە دراو بکرێت.