نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 19 ملیۆن ئەفغانی لەژێر هەڕەشەی برسێتیی تونددان
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی، هۆشداری دا لەوەی تا مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو، نزیکەی 19.2 ملیۆن هاووڵاتیی ئەفغانی، کە دەکاتە زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی وڵاتەکە، رووبەڕووی مەترسیی نەمانی توندی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە.
ئۆلگا چرێڤکۆ، گوتەبێژی "ئۆچا" لە ئەفغانستان، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە جنێڤ رایگەیاند “لە وەرزی وشکەساڵیی زستاندا کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا نیسان دەخایەنێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی رووبەڕووی کەمیی خۆراک دەبنەوە بگاتە 19.2 ملیۆن کەس”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسی هەیە 5 ملیۆن کەس لەوان بگەنە ئاستی برسێتییەکی مەترسیدار کە بە قۆناخی "لەناکاو و فریاگوزاری" پۆلێن دەکرێت.
بە گوتەی سەرچاوە مرۆییەکان، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە توندەی خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی ساڵی رابردوو، کارەساتە ژینگەیی و کەشوهەواییەکانی ئەمساڵ، هاوکات گەڕانەوەی زۆرەملێ و بەکۆمەڵی ملیۆنان پەنابەری ئەفغانی لە ئێران و پاکستانەوە لە دوای ساڵی 2023ـەوە.
بەپێی راپۆرتەکانی پۆلێنبەندیی ئاسایشی خۆراک، تەنیا لە نێوان مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا، 15.9 ملیۆن کەس کەوتوونەتە قۆناخێکی خراپترەوە، کە 3.4 ملیۆن کەسیان لە دۆخی فریاگوزاریدان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژەکەی ئۆچا، مەترسیی خۆی سەبارەت بە دۆخی منداڵان خستەڕوو و رایگەیاند، ساڵی داهاتوو زیاتر لە 4 ملیۆن منداڵ لە تەمەنی 6 مانگ تا 5 ساڵ پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی بەدخۆراکیی توند دەبێت. چرێڤکۆ روونیشی کردەوە، ئەم ئامارانە گوزارشتن لە دۆخی ئەو منداڵانەی کەسوکاریان ناتوانن خۆراکی سەرەکییان بۆ دابین بکەن، پاش ئەوەی بەهۆی ساڵانێک لە ململانێ، سەختیی ئابووری و وشکەساڵی توانای دارایی و خۆڕاگرییان بەتەواوی لێ بڕاوە.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت، بەوپێیەی بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بودجە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە، خزمەتگوزارییەکانی نزیکەی یەک لەسەر سێی ناوەند و بنکەکانی چارەسەری بەدخۆراکی لە سەرتاسەری ئەفغانستان راگیراون یان داخراون.