دزی لە گۆڵپارێزی پاریس سانجێرمان کرا
بڵاوبونەوەی هەواڵی دزی کردن لە ماڵی سێرخیۆ ریکۆ، گۆڵپارێزی ئیسپانی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا کۆمەڵگەی ئیسپانیای تووشی شۆک کردووە.
رادیۆی کادێنا کۆپێ بڵاویکردەوە شەوی دووشەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2026 سێرجیۆ ڕیکۆ گۆڵپارێزی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان کە ئێستا بێ یانەیە، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سێڤیا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دزی لێکراوە و خۆی و خێزان و منداڵەکانیشی رووبەڕووی توندوتیژی بونەوە. لەو کاتەی کە ئەو کەسانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی، گۆڵپارێزە ئیسپانیەکە لەگەڵ خێزان و دوو لە منداڵەکانی خەریکی نان خواردنی ئێواران بوون.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە کاتژمێر نزیکەی 22 بە کاتی ئیسپانیا، ئەو کاتەی ریکۆ و خێزانەکەی خەریکی نان خواردن بوون، پێنج کەسی دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و هەر شتێک دەکەوێتە بەر دەستیان دەشکێنن و چەند کەل و پەلێکی گرانبەهاش دەدزن، ئەم تاوانە لەبەر چاوی منداڵێکی دوو ساڵان و منداڵێکی چوار مانگە ئەنجامدراوە.
دوای ئەو تاوانە ریکۆ و خێزانەکەی سەردانی نزیکترین بنکەی پۆلیس دەکەن و سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کاتی دزییەکە هیچ یەک لە ئامێرەکانی هۆشداری و ئاگادار کردنەوە، هەروەها کامێراکان کاریان نەکردووە و هەمووان لەکارکەوتوون.