دەیڤد تافووری: هەرێمی کوردستان خاوەنی ژینگەیەکی دۆستانەیە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی
دەیڤد تافووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - کوردستان (USKBC)، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەهۆی سەقامگیریی ئەمنی و سەروەریی یاساوە، بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوەندێکی بازرگانیی گەورە بۆ سەرتاسەری ناوچەکە.
دەیڤد تافووری لە دەستپێکی هەڤپەیڤینەکەیدا ئاماژەی بە گەشەسەندنی خێرای هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: سەرەڕای جەنگ لە وڵاتانی دراوسێ، کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی نەوت و گاز، ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات و خەڵک دەیانەوێت لێرە وەبەرهێنان بکەن؛ کوردستان دەبێتە ناوەندێکی بازرگانی نەک تەنیا بۆ هەولێر، بەڵکوو بۆ تەواوی ناوچەکە.
ئاوەدانکاریی زاخۆ؛ مۆدێلێک بۆ شارەکانی دیکەی عێراق
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - کوردستان بە سەرسامییەوە باسی لە سەردانەکەی بۆ زاخۆ کرد و گوتی: ئەو ئاوەدانکارییەی لە کەناری رووباری زاخۆ کراوە، پڕۆژەیەکی پلە یەک و بێوێنەیە. جێگەی دەستخۆشییە کە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کارێکی وای بۆ خەڵک کردووە کە هەم ژینگەیەکی گەشتیارییە و هەم هاندەرە بۆ کارکردن و ژیان. ئەم پڕۆژەیە دەکرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ شوێنەکانی دیکەی عێراق، بۆ نموونە بەغدا داهاتێکی زۆری هەیە و رووباری دیجلە بە ناوەڕاستیدا تێپەڕ دەبێت، کەچی پڕۆژەیەکی وای لێ نییە.
"لە ساڵی 2003ـەوە هیچ ئەمەریکییەک لە کوردستان نەکوژراوە"
تافووری جەختی کردەوە کە رێزگرتن لە سەروەریی یاسا و رەخساندنی ژینگەیەکی ئەمنیی باڵا، هۆکاری سەرەکیی راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکانە: یاساکانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەری بیانی و ناوخۆیی لە یەک ئاستدا دادەنێن. لە ساڵی 2003ـەوە تا ئێستا هیچ هاووڵاتییەکی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی توندوتیژی یان تیرۆرەوە نەکوژراوە، ئەمەش بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق ئامارێکی بێوێنەیە.
ئاماژەی بە دیدارەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند کە ئاسانکارییەکانی حکوومەت بوونەتە هۆی ئەوەی چەندین کۆمپانیای گەورەی ئەمەریکی و رۆژئاوایی بێنە کوردستان و دەستکەوتی باش بەدەستبهێنن.
کێشەی بودجە و هۆشداری لەسەر سزاکانی ئێران
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە، تافووری رایگەیاند: "کاتێک ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، تەواوی عێراق زەرەرمەند دەبێت. عێراق پێویستی بە وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکانە لە سەرچاوە سروشتییەکانیدا، بۆیە هیوادارین لۆژیک زاڵ بێت و سەرکردایەتیی نوێ لە بەغدا و هەرێمی کوردستان رێگەی هاوکاری بگرنە بەر."
لەبارەی کەرتی بانکییش، تافووری روونی کردەوە کە واشنتن دەیەوێت کەرتی بانکیی عێراق گەشە بکات، بەڵام هاوکات نیگەرانە لەوەی بانکەکان لە بەغدا و باشوور بۆ سپیکردنەوەی پارە و پەیوەندی لەگەڵ ئێران بەکاربهێنرێن بەهۆی سزاکانی سەر تارانەوە، هەربۆیە پێویستە بانکگەلێک بهێنرێنە کایەوە کە لەم جۆرە گومانانە دوور بن.
"پڕۆژەی هەژماری من هەنگاوێکی زۆر ژیرانەیە"
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - کوردستان دەستخۆشی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و گوتی: پڕۆژەی 'هەژماری من' شتێکی زۆر باش و ژیرانەیە، بەتایبەت بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی. هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە بەدیجیتاڵکردنی کەرتی بانکی و ئەمە هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی بەشێکی زۆر لە گرفتە داراییەکان.
دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە گاز و دروستکردنی پرد لەگەڵ سووریا
تافووری سەرنجی خستە سەر ئەو کەرتانەی ئامادەن بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی دا، گازی سروشتی؛ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پلانی فراوانکردنی کێڵگەکانیان هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستیی عێراق و هەناردەکردن؛ هەروەها کەرتی کانزاکان، دەرفەتی گەورە لە کانزاکاندا هەیە، بەڵام پێویستە پەرلەمان یاسای کانزاکان پەسەند بکات.
ئاشکرای کرد کە شاندەکەیان بە یاوەریی تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، سەردانی دیمەشقیان کردووە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بکەنە دەروازەی وەبەرهێنان بۆ سووریا. هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی حکوومەتی هەرێم دا بۆ دروستکردنی پردێکی نوێ لەگەڵ سووریا بە مەبەستی گەشەپێدانی بازرگانیی نێوان هەردوولا.
ئاستەنگەکان و پێویستیی پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان
دەیڤد تافووری ئاماژەی بەو گرفتانە کرد کە پێویستە چارەسەر بکرێن، لە سەروویانەوە نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ رێگری لە هێرشی درۆنەکان بۆ سەر کەرتی بازرگانی، ناسەقامگیریی رێککەوتنەکانی نەوت لەگەڵ بەغدا، و نەبوونی دەستووری تایبەت بە هەرێمی کوردستان.
تافووری گوتی: "وەک پارێزەرێکی نێودەوڵەتی دەڵێم، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستووری تایبەت بە خۆیەتی، لێرە کەسانی یاسایی و شارەزای زۆر باش هەن، بەڵام پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە تاوەکوو دەستوور دابڕێژرێت و پەسەند بکرێت، ئەمەش متمانەی زیاتر بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەبەخشێت."