چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی پیرانشار دەستیپێکرد

بە بەشداری 14 گرووپی شانۆیی لە حەوت پارێزگای ئێرانەوە، چوارەمین فێستیڤالی شانۆی سەرشەقامی پیرانشار دەستی بەکار کرد. فێستیڤالی شانۆی سەر شەقامی پیرانشار لە سێ خولی پێشووی خۆیدا تەنیا لە ئاستی پارێزگای ورمێدا بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئەمساڵ بووەتە فێستیڤالێکی ناوچەیی و لە ئاستی هەشت پارێزگای ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا بەڕێوە دەچێت. هونەرمەندانی بەشدار لەم فێستیڤالە، لە بەرهەمەکانیاندا زیاتر ئاوڕیان لە کێشەکانی کۆمەڵگا داوەتەوە.

چوارەمین فێستیڤالی شانۆی سەرشەقامی پیرانشار کە ناوی فیستیڤالی شانۆی زاب دەناسرێت لە شاری پیرانشار دەستی پێ کردووە.

سێزدە گرووپی شانۆ لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، هەمەدان و ئازەربایجانەوە لە بەشی پێشبڕکێ و گرووپێکیش لە شاری مەشهەدەوە وەک میوانی تایبەت لەم فێستیڤالەدا بەشدارن. بەڕێوەبەرانی فێستیڤالەکە دەڵێن گرنگییان بە شانۆی تەنز داوە بۆ ئەوەی لە دۆخی خراپی ئێراندا بزە بخەنە سەر لێوی هاووڵاتییان.

ئیدریس بابەخانی بەرپرسی دەستەی بەڕێوەبەریی فێستیڤالی شانۆی سەر شەقام بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لە تاوتوێکردنی شانۆکانی بەشی سەرەکی زیاتر گرنگیمان بە کێشەکانی کۆمەڵگا داوەتەوە و ئەولەویەتمان بە بابەتی تەنز داوە بۆ ئەوەی بزە بخەینە سەر لێوی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی لەم دۆخە خراپەی کۆمەڵگادا کارێکمان بۆ خەڵک کردبێ.

ئەم فێستیڤالە لە سێ خولی پێشوویدا تەنیا لە ئاستی پارێزگای ورمێدا بەڕێوە دەچوو بەڵام ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بووەتە ناوچەیی و لە ئاستی پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا بەڕێوە چووە.

ئومێد خاکپوور بەرپرسی گشتیی شانۆی پارێزگای ورمێ گوتی؛ لە خولەکانی پێشوودا بەختەوەرانە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک ڕووبەڕوو بووەتەوە و ئێستاش کە لە یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤالەداین هەر بەم شێوەیە بووە و هیوادارین تا کۆتایی هەر وا لە لایەن خەڵکی هونەردۆست و هونەرپەروەری پیرانشارەوە پێشوازیی لێ بکرێت.

فێستیڤالەکە لە یەکەم ڕۆژی نمایشی شانۆکاندا لە لایەن خەڵکی پیرانشارەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا. هاووڵاتییان دەڵێن هونەرمەندانی شانۆکار توانیویانە بە شێوەیەک هونەری، خەم و ئازار و مەینەتی و کێشەکانی خەڵک نمایش بکەن.

عەبدولرەحمان ئەحمەدی دانێشتووی پیرانشار ئاماژەی دا، هونەرمەندان و شانۆکاران بە باشترین شێواز توانیویانە بەزمانی خەڵكی ئەمڕۆ و بە میتۆدێکی سەردەمییانە توانیویانە ئاوڕ لە کێشەکانی کۆمەڵگا بدەنەوە و پەیامی خۆیان بگەیەننە بینەران. من شایەدم خەڵکی نەخوێندەوار و بەساڵاوچووش لێرە بوون. بە خۆشییەوە ئافرەتان و منداڵانیش بەشدارییان هەبوو. 

بۆ فێستیڤالی ئەمساڵ 82 بەرهەمی شانۆیی لە هەشت پارێزگای ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە و 2 بەرهەمیش لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتبووە دەستی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی فێستیڤالەکە. لە ئەنجامدا بە بڕیاری لێژنەی هەڵسەنگاندنی شانۆنامەکان 14 بەرهەمی شانۆیی مۆڵەتی بەشداری و نمایشیان پێ درا. فێستیڤالەکە دوای سێ رۆژ چالاکی بە دیاریکردنی گرووپە هەڵبژاردەکان کۆتایی بە چالاکییەکانی دێنێت.