نوجەبا: لە رێبازی ئێمەدا شتێک بە ناوی رادەستکردن یان داماڵینی چەک نییە

یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا، لە پەیامێکدا دەڵێت چەکی مقاوەمە، پیرۆزە، هیچ یەکێک لەم دەستەواژانەی (رادەستکردن، دەستبەرداربوون، داماڵینی چەک) لە فەرهەنگی ئێمەدا نییە.

عەبدولقادر کەربەلایی، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاند، ئەم پەیامەی وەڵامێکە بۆ راستکردنەوەی زانیاریی هەڵەی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن. هەروەها رایگەیاندووە، بڕیاریان سەبارەت بە بەشدارنەبوونیان لە پرۆسەی سیاسیی نەگۆڕە. بەمەش هەڵوێستی خۆیان یەکلاکردووەتەوە هەرگیز ئامادە نین بچنە نێو پێکهاتەی حکوومەتی عێراقەوە.

سەرکردەکەی نوجەبا دەڵێت: سەبارەت بە چەکی پیرۆزی مقاوەمە، هیچ دەستەواژەیەک بە ناوی (رادەستکردن، دەستبەرداربوون، داماڵینی چەک) لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ئێمەدا نییە، بەڵکو نوجەبا بژاردەی ئەوەی هەڵبژاردووە لە ریزی خەڵک و لە ناو جەماوەردا بمێنێتەوە، هاوبەشی خەم و ئازارەکانی هاووڵاتییان بێت و ببێتە دەنگی راستەقینەیان بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان. 

ئەم بڕیارەی نوجەبا لە کاتێکدایە، پێشتر گرووپە چەکدارەکان لە بەرامبەر دانانی چەکەکانیان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیان کردبوو بە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانیان، لە بەرامبەردا واشنتن رایگەیاندبوو، دوای کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەبێت حکوومەت هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە و چەک لە دەستی گرووپەکان دەربهێنێت، بۆ ئەم مەبەستە و پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی یەکتر، راستەوخۆ دوای کشانەوەی هێزی هاوپەیمانان، چەند گرووپێکی چەکدار چەکەکانیان رادەستی حکوومەت کردووە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لەو گرووپانە بە بەهێزی و پڕچەککراوی ماونەتەوە و بڕیاریان داوە پارێزگاری لە چەکەکانیان بکەن و ئامادەی رادەستکردنەوەیان نین بە حکوومەتی عێراق.

چارەنووسی عێراق لەبەردەم کێشمەکێشی چەککردنی میلیشیاکان

دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق چووەتە قۆناخێکی ئاڵۆزتر، ئەوەش دوای ئاشکراکردنی پێشنیازێک کە لەلایەن چەند گرووپێکەوە پێشکەشی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە بەو پێیەی فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە، بە گوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان پێشنیازی گرووپەکان ئەوەیە راستەوخۆ چەکەکانیان بە دەستەوە نەدەن، بەڵکو تا دوو ساڵ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، گرووپەکان چالاکییەکانیان هەڵپەسێرن، لەبری ئەوەی بە یەکجارەکی جبەخانەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن.

پێشنیازی میلیشیاکان لەلایەن سێ سەرچاوەی سیاسیی عێراقییەوە بۆ پێگەی هەواڵی "عەرەبی جەدید"دزەی پێکراوە و بڵاوکرایەوە، ئەوەی ئاشکرا بووە، رەنگدانەوەی ئەو ئاڵۆزییەیە کە رووبەڕووی بەغدا بووەتەوە، بەوەی چۆن دەکرێت کۆتایی بە دیاردەی چەک لە دەرەوەی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت بهێنرێت، بێ ئەوەی وڵات پەلکێشی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ناوخۆیی لەگەڵ میلیشیاکان بکرێت، کە زۆرینەیان پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە.

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کردووە، "کەتائیبی حزبوڵڵا" یەکێک بووە لەو لایەنانەی پێشنیازی سڕکردنی چەک و رادەست نەکردنی جبەخانەکانیان بە زەیدی داوە، مەرجیان ئەوەیە تا دوو ساڵی دیکە چەک و جبەخانەکانیان رادەست نەدەن و هەر لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بمێننەوە.

هەر لە پێشنیازەکەیاندا، داوای گەرەنتی پاراستنی ژیان و گیانی سەرکردەکانیان کردووە، کە لە داهاتوودا نەکرێنە ئامانج، بەڵام بەگوتەی پەرلەمانتارەکە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، حکوومەتی عێراق ئەم شێوازەی رەتکردووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لەو بنەما یاساییەکانی پاراستنی سەروەری وڵات ناوی بردووە، ئەویش کۆتاییهێنانە بە بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان. 

ئێستا ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و میلیشیاکان تەنیا لەسەر راگرتنی چالاکییە چەکدارییەکان نییە، بەڵکو چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی چەک تەنیا بە دەست حکوومەتەوە بێت.

بە گوتەی سەرچاوەکان، ئێستا مشتومڕی نێوان حکوومەتی عێراق و سەرکردەی گرووپە میلیشیاکان لە رێگەی نێوەندگیرانی ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت و کار گەیشتووەتە نامە و پەیام گۆڕینەوە، چونکە عەلی زەیدی هیچ کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەی میلیشیاکان یان نوێنەرەکانیان سەبارەت بەو پێشنیازەی داویان، نەکردووە. نێوەندگیرەکانی هادی عامری، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پەیامەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

ئەو گرووپانەی رادەستکردنی چەکەکانیان رەت دەکەنەوە

میلیشیاکان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بەرامبەر بە دەستپێشخەرییەکەی حکوومەت نییە، لەنێویاندا "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتائیبی ئیمام عەلی"، ئامادەن چەکەکانیان رادەست بکەن، پێشتریش "سەرایا سەلام"ی سەر بە موقتەدا سەدر ئەم رێکخراوە چەکدارییەی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی چەکدارەکانی تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات، بەڵام بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان سوورن لەسەر چەک دانەنێن بە تایبەت کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا.

نزیکەی 30 هەزار چەکدار ئامادەی رادەستکردنی چەکەکانیان نین

بەگوتەی راوێژکارەکە پێشووی حکوومەتی عێراق، کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا، دیارترین ئەو سێ گرووپەن کە تا ئێستا ئامادە نین هیچ سازشێک بۆ رادەستکردنی چەک بکەن، کە بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان کۆی چەکدارەکانیان بە نزیکەی 30 هەزار ئەندام مەزندە دەکرێت، ئەگەر زیاتریش نەبن، کە بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە بەستراونەتەوە، بەڵام ئاماری چەک و جبەخانەکانیان تایبەت بە گرووپەکانی خۆیانە و ئاشکرا نییە. لێرەشدا بەهۆی ئەوەی بە یاسا و دەنگدانی پەرلەمانی، دەستەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە دامەزراوەی سەربازیی سیستەمی بەرگریی عێراق، ئەمەش بووەتە لەمپەرێک لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆسەی چەکداماڵینی میلیشیاکان.

حکوومەتی فیدراڵ ئاماری تەواوی لەسەر جبەخانەی میلشیاکان نییە

ئەو کێشەیە ریشەییەی لە بەردەم هەر رێککەوتنێکدا هەیە، ئەوەیە حکوومەتی عێراق بە وردی بڕ و جۆری ئەو چەکانە نازانێت کە لە دەستی میلیشیاکاندا هەیە. لەمبارەیەوە، راوێژکارێکی پێشووی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردووە، بەغدا خاوەنی بنکەیەکی زانیاریی دروست و گشتگیری لەسەر کۆگاکانی چەکی گرووپە میلشیاکان نییە ئەمەش گومان و بێ متمانەیی دروستکردووە، ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت، بەڵام گرووپەکان تەواوی چەک و جبەخانەکانیان رادەست نەکەن.

لێرەدا یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی دۆسیەی عێراق دەردەکەوێت، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی یاساییە لە ناو دەوڵەتدا، بەڵام ژمارەیەک لەو گرووپانەی لە چوارچێوەی ئەو دەستەیەدان، لە هەمان کاتدا پەیکەری رێکخراوەیی، سەرکردایەتی و توانای سەربازیی تایبەت بە خۆیان هەیە. لەبەر ئەمەشە واشنتن پێی وایە تەنیا گواستنەوەی ناوی چەکەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی بەس نەبێت، ئەگەر هاتوو کۆنترۆڵی کردارییان لە دەستی گرووپەکاندا بمێنێتەوە.