حەیدەر عەبوودی: رێگە نادەین وڵاتەکەمان بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت

 گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، داخستنی دەروازەی سنووریی "شەیب" لەگەڵ ئێران بەهۆی نائامادەیی تەکنیکی و پرۆسەی پەرەپێدان بووە، هاوکات هەبوونی بارەگای حووسییەکانی لە ناوخۆی عێراقدا رەتکردەوە و جەختی کردەوە، بەغدا رێگە نادات خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە دراوسێکانی بەکاربهێنرێت.

چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی عێراقی (واع) روونیکردەوە، راگرتنی کارکردن لە دەروازەی شەیب هەنگاوێکە بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی لۆجستی و تەکنیکیی ئەو مەرزە، و گوتیشی: داخستنەکە بەهۆی نائامادەیی هونەری و تەکنیکی و گەشەپێدانەوە بووە، ئێستاشدا چەند دەروازەیەکی سنووریی دیکە کراوەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە بەردەوامە.

سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە بوونی بارەگای حووسییەکان لە ناوخۆی عێراق دەکەن، گوتەبێژی حکوومەت بە تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند،: هیچ بارەگایەکی دەستنیشانکراوی لەو شێوەیە لە ناوخۆی عێراقدا بوونی نییە، بابەتەکە پێویستی بە هیچ بڕیار یان هەڵوێستێکی حکوومی نییە بەرامبەر پرسێک کە لە بنەڕەتدا بوونی نییە، بەڵام بەشێک لە خەڵک سوورن لەسەر گێڕانەوەی ئەو پڕوپاگەندانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەبنەوە.

گوتەبێژی حکوومەت دووپاتیکردەوە، مانەوەی گرووپە چەکدارەکانی پەیوەست بە وڵاتانی دیکە لە ناوخۆی عێراق پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکانە و گوتی: عێراق نابێتە سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها لە باوەشگرتنی هیچ گرووپێکی چەکدار کە بەشداری لە ململانێیەکی دیاریکراودا بکات ناگرێتە ئەستۆ.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی ئاسایشی سنوورەکان، عەبوودی ئاشکرایکرد، هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ تورکیا لە ئارادایە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەرکردنی چەکدارەکانیان لە خاکی عێراق. هاوکات لەگەڵ ئێرانیش، لە رێگەی لیژنەیەکی باڵاوە هەماهەنگی بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بوونی چەکدارە کوردەکانی ئێران لە ناو خاکی عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختیکردەوە، ئەم هەنگاو و ئاراستە فەرمییانە سەلمێنەری ئەو راستییەن کە بەغدا رێگە بە مانەوەی هیچ چەکدارێکی بیانی لەسەر خاکەکەی نادات و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ کام لە دراوسێکانی.