ناتانیاهۆ: ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بڕیاری داوە لەسەر رێچکەی باوکی بڕوات بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکات جەختیکردەوە تەنیا رێگە بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییە، رووخاندنی دەسەڵاتی تارانە.
چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هیچ رێگەیەک بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران لە ئارادا نییە، تەنیا رووخاندنی دەسەڵاتەکەی نەبێت.ئەمەش لە کاتێکدایە سێشەممەی رابردوو دووپاتیکردبووەوە، تا ئەو لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا بێت، رێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
لە هەمان رۆژدا، بەرپرسێکی ئیسرائیلی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، تاران هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی پڕۆسەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی چڕ کردووەتەوە، و ئێستا کار لەسەر تەواوکردنی بەشی چالاککردنی دەکات، کە بە گوتەی ئەو بەرپرسە، تا ئێستا تاکە بەربەست بووە لە بەردەم بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.
ئەم لێدوانە توندانەی تەلئەڤیڤ لە کاتێکدان، نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان واشنتن و تاران روویان لە هەڵکشان کردووە، ئەوەش لە ئەنجامی چەقبەستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و بەردەوامیی ناکۆکییە قووڵەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ.