هێمن میرانی: هەنگاوەکانی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان دەستپێدەکات

 بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) دەستپێدەکات و سەرجەم سێکتەرەکانی سەر بە وەزارەتەکە، لەوانە پۆلیسی ناوخۆ، هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی دەگرێتەوە.

چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەشداریکردنی رێکخراوی UNDP هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی نێودەوڵەتی بۆ ناو پۆلیسی کوردستان، و ئەو ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە هاوبەش بۆ نوێکردنەوە و پەرەپێدانی کەرتی "پۆلیسی نموونەیی".

دەربارەی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، هێمن میرانی روونیکردەوە، لە سەرەتادا چوار بنکە وەک پۆلیسی نموونەیی دەستنیشان کراون، دواتریش ئەو چوار بنکەیە دەبنە ناوەند و قوتابخانەیەک بۆ راهێنان و پێگەیاندنی بنکەکانی دیکەی پۆلیس، بە مەبەستی گشتاندنی شێوازی نوێی کارکردن بەسەر سەرجەم ناوەندە ئەمنییەکاندا.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەش کردەوە، چاکسازییەکە تەنیا لە سنووری پۆلیسی ناوخۆدا نامێنێتەوە، بەڵکو گشتگیر دەبێت و سێکتەرەکانی هاتووچۆ و بەرگریی شارستانیش بە تەواوی دەگرێتەوە.

 هەوڵەکانی حکوومەت بۆ سەردەمییانەکردنی کەرتی ناوخۆ

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیدا، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردن و بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانی کردووەتە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی. لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی رابردوودا چەندان هەنگاوی بە ئاراستەی دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، رێکخستنەوەی میلاکات، و سەردەمییانەکردنی رێکارەکانی هاتووچۆ و بەرگریی شارستانی هاویشتووە.

هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)، بەشێکە لە دیدگای نوێی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی چەمکی "پۆلیسی کۆمەڵگەیی" و پەرەپێدانی لێهاتوویی هێزەکانی ناوخۆ لەسەر بنەمای ستانداردە جیهانییەکان و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جێبەجێکردنی یاسادا.