ئەحمەد شەرع و تۆم بەڕاک دۆخی سووریا و ئاسایشی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
سەرۆکی سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشقی پایتەخت، پێشوازی لە تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و عێراق کرد، لە دیدارەکەدا پەرەسەندنەکانی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کران.
چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەندان دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش و رێگەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات کراوە بە شێوەیەک کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و سەقامگیریی هەرێمیدا بێت، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی لێکتێگەیشتنە کردەیییەکان یان خشتەی کاتیی بەدواداچوونی دۆسیەکان ئاشکرابکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، سووریا رووبەڕووی دۆخێکی هەستیاری سیاسی، ئەمنی و ئابووری بووەتەوە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان رایانگەیاندووە،، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق بە شێوەیەکی چڕ لەسەر پرسی قۆناخی راگوزەر لە سووریا، رێکخستنە ئەمنییەکان و ئاساییبکاتەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە.
دیدارەکەی دیمەشق لە دوای کۆبوونەوەیەکی پێشووی نێوان تۆم بەڕاک و وەزیری دەرەوەی سووریا لە ئیستەنبووڵ دێت. پێشتر، تۆم بەڕاک سێشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ستایشی شێوازی بەڕێوەبردنی قۆناخی راگوزەری لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە کردبوو و داوای راگرتنی هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی لە ناو خاکی سووریادا کردبوو.
چاودێران پێیان وایە بەردەوامیی ئەم دیدارانە ئاماژەیە بۆ هێشتنەوەی کەناڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان لە نێوان دیمەشق و واشنتندا، لە قۆناخێکدا کە ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا رێکبخاتەوە و رێگری لە گرژییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بکات.